رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار بارێکی 25 تۆنیی زەیتوونی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان گەیشتە کارگەی راسان لە پارێزگای هەڵەبجە. بڕیارە ئەمساڵ کارگەکە هەزار تۆن زەیتوون لە رۆژئاوای کوردستانەوە وەربگرێت، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ فراوانترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کشتوکاڵی لەنێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا.
ئەمە یەکەمین بارهەڵگری زەیتوونە لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگاتە هەڵەبجە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا چەند کاروانێکی دیکەش بگەنە کارگەکە بە مەبەستی دەرهێنانی زەیت لێی.
عەبوود ئەحمەد عنێزان، شۆفێری بارهەڵگرەکەیە و دەڵێت: خەڵکی سووریام و بارێک زەیتوونم کە نزیکەی 25 تۆنە لە هەرێمی عەفرینی سووریاوە هێناوەتە پارێزگای هەڵەبجە. کوالێتیی زەیتوونەکان زۆر باشە و هاتینە گوشەرگەی راسان بۆ ئەوەی زەیتی لێ دەربهێنین. ئەمە یەکەمجارە زەیتوونی عەفرین دەگاتە ئەم دەڤەرە و لە داهاتووشدا جارێکی دیکە لە عەفرینەوە بار دەکەین و دەیهێنینە ئێرە.
پەیام سەیوان، بەڕێوەبەری کارگەی رۆنی زەیتوونی راسان باس لە توانای کارگەکە و هۆکاری هاوردەکردنی زەیتوون لە عەفرینەوە دەکات و دەڵێت: کارگەی راسان ئەمساڵیش خۆشبەختانە بەڕووی جووتیاراندا کراوەتەوە. ئەم کارگەیە دەتوانێت هەزار و 500 تۆن وەربگرێت، بەڵام ئەم بڕە لەنێوخۆی عێراق دەستناکەوێت چونکە عێراق تازە کەوتووەتە سەر بەرهەمهێنان. بۆیە ئەمساڵ لە رۆژئاوا و لە عەفرینەوە بەشێکی زۆری زەیتوون دەکڕینەوە و دەتوانین هەزار تۆن زەیتوونی عەفرین بۆ ئەمساڵ وەربگرین.
کارگەی راسان ماوەی 9 ساڵە لە هەڵەبجە کار دەکات و رۆژانە توانای وەرگرتنی 120 تۆن زەیتوونی هەیە. بەهۆی ئاشنابوونی زیاتری جووتیاران و دروستکردنی چەندین باخی نوێوە، لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی چاندنی زەیتوون لە پارێزگای هەڵەبجە 10٪ زیادی کردووە.


