رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ تاڕادەیەکی زۆر بە جێگیری مایەوە و لەنزیک نزمترین ئاستی زیاتر لە ساڵێکی خۆیدا مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی بەهێزبوونی بەهای دۆلاری ئەمریکی و بەرزبوونەوەی پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە لە مانگی داهاتوودا، گوشاریان خستە سەر کانزا زەردەکە.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 3870 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە مامەڵەکانی رۆژی دووشەممەدا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دابەزی.
هاوکات پێنوێنیی دۆلاری ئەمریکی رۆژی سێشەممە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 19 مانگی رابردوودا تۆمارکرد، ئەمەش کڕینی زێڕی بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی بە دراوەکانی دیکە مامەڵە دەکەن گرانتر کردووە.
کایڵ رۆدا، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (Capital.com) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "زێڕ لەژێر کاریگەریی راستەوخۆی پێشبینییەکانە بۆ سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا و، بازاڕیش لە هەوڵی ئەوەدایە بزانێت رێژەی سوود لە ئەمریکا تا چەند بەرزدەبێتەوە. لە بنەڕەتدا، ئەو شەپۆلە فرۆشتنە گەورەیەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە زێڕدا بینیمان، رەنگدانەوەی ئەم نیگەرانییانەیە."
بەپێی پێوەری "فێد وۆچ"ی سەر بە گرووپی CME، ئێستا بازاڕەکان بە ئەگەری 95.5% پێشبینی دەکەن کە بانکی ناوەندی لە مانگی کانوونی یەکەمدا رێژەی سوود بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی بەرزبکاتەوە، هاوکات ئەگەری 4.5% دادەنێن بۆ بەرزکردنەوەیەکی گەورەتری 0.50٪.
ئێستاش چاوی بازرگانان لەسەر بڵاوبوونەوەی کۆنووسی کۆبوونەوەی 27 و 28ـی تشرینی یەکەمی فیدراڵ ریزێرڤە لە رۆژی چوارشەممەدا، بۆ وەرگرتنی ئاماژەی نوێ سەبارەت بە ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی نەختی.
لە لایەکی دیکەشەوە، شارەزایانی بانکی (ANZ) لە یاداشتێکدا رایانگەیاند، "خواست بۆ کڕینی زێڕ تاوەکو ئێستا خۆڕاگر بووە، بەڵام زیادبوونی گوشارە مەکرۆئابوورییەکان دەتوانێت خواستی وەبەرهێنان لاواز بکات و بازاڕ لە پاڵپشتی بێبەش بکات."



