رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەهای دینار زیاتر دابەزی و نرخی 100 دۆلار نزیکبووەوە لە 172 هەزار دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر دەڵێ، بانکەکانیش هاتوون لە بازاڕدا دۆلار دەکڕن.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا 100 دۆلار بە 171 هەزار و 700 دینارە و خواستی زۆری لەسەرە".
دوو رۆژە بەهای دینار روو لە دابەزینە. دوێنێ لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 170 هەزار و 700 دینار بوو.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری دابەزینی بەهای دینار دۆخی نێوخۆی عێراق و پرسی گرووپە چەکدارەکان، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە ناوچەکەیە و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کاریگەریی هەبووە.
حاجی سابیر گوتی: "خواست زۆرە لەسەر دۆلارە. ئێستا بانکێکی نێوخۆ هاتووە سەتان ملیار دیناری هێناوە لە بازاڕدا و ئەوانیش دۆلار دەکڕن. ئەوانە هەمووی کاریگەریی لەسەر دابەزینی بەهای دینار هەیە".
لە 07-10-2026، بانکی ناوەندیی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی نوێی دۆلاریان بە دینار دیاریکرد، کە رۆژێک پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار دەدرێتە بازرگانان و هاووڵاتییان.
پێش بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، 100 دۆلار بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار و لە بازاڕەکاندا لەنێوان 150 بۆ 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.


