رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد. پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی خستنەڕووی نەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، زاڵ بوون بەسەر نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، 44 سەنت یان بەڕێژەی 0.5% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 92.00 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان شێوە 44 سەنت یان بەڕێژەی 0.5% دابەزی بۆ 85.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
تیم واتەرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی نەوت رووی لە دابەزین دەکات، لەبەر ئەوەی بازاڕ بە تەواوەتی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە خستنەڕوو گەیشتووەتە ئاستی خواست و لەوانەیە لە ئێستادا لێشی تێپەڕێت. ئەم گۆڕانکارییە لە هاوسەنگیی نێوان خستنەڕوو و خواستدا، هۆکاری سەرەکیی گوشاری ئەمڕۆی سەر نرخەکانە."
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رایگەیاندووە، بازاڕی جیهانیی نەوت لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی زیادبوونی خستنەڕوو، لەبەر ئەوەی هەناردەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر خێراتر لە خواستی جیهانی دەبووژێتەوە سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە و کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو و تەنگەی هورمز، نادڵنیایی لەبارەی گرنگترین رێڕەوی هەناردەکردنی نەوت بە بەرزی هێشتووەتەوە. واتەرەر لەو بارەیەوە دەڵێت، "باجی مەترسیی جیۆپۆلەتیکی بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تەواوەتی ون نەبووە، بەڵام بۆ ئێستا لە پلەی دووەمی گرنگیدانی بازاڕدایە."
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی ئۆپێک رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی بۆ پێداچوونەوە بە ئەوپەڕی توانای بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام ئەنجامدا، کە هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی پشکی بەرهەمهێنانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بۆ ساڵی 2027 و ساڵانی دواتر. بڕیاریشە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی رووسیا لە 29ـی تشرینی دووەم کۆببێتەوە تاوەکو بڕیار لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانی ساڵی 2027 بدات.
هاوکات بەپێی داتاکانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، کۆگاکانی نەوتی خاو لە یەدەگی ستراتیژیی ئەو وڵاتە، (SPR) لە هەفتەی رابردوودا بۆ 276.4 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، کە نزمترین ئاستە لە دوای مانگی ئابی ساڵی 1982ـەوە؛ ئەم دابەزینەش لە چوارچێوەی پلانی ئەمریکادایە بۆ دەرهێنانی 172 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو کۆگایانە بە مەبەستی هێورکردنەوەی بازاڕ.



