رووداو دیجیتاڵ
ژۆرژ مۆرێیرا دا سیلڤا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژە ناسراوە بە (UNOPS) داوای لە ئێران و ئەمریکا کرد دەستبەجێ رێگە بە هاتوچۆی کەشتییەکانی پەینی کیمیایی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بدەن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەیران لەو وڵاتانەی کە لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی ئاسایشی خۆراکدان.
دا سیلڤا رایگەیاند لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتەوە، نرخی جیهانیی پەینی کیمیایی بەڕێژەی نزیکەی 30% بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێش سەرهەڵدانی جەنگ نزیکەی 30%ـی پەینی کیمیایی جیهان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە دەکرا.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی چەندین وڵات ئێستا بەهۆی کەمیی پەینی کیمیاییەوە زیانیان بەرکەوتووە و ئەگەر وەرزی چاندنی ئەمساڵ بفەوتێت، ئەوا 45 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا رووبەڕووی کێشەی کەمی خۆراک دەبنەوە و 30 ملیۆن کەسی دیکەش دەکەونە نێو بازنەی هەژارییەوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری UNOPS ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژانە پێویستە لانیکەم پێنج کەشتیی هەڵگری پەینی کیمیایی بە تەنگەکەدا تێپەڕن و روونیکردەوە میکانیزمی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان توانای ئەوەی هەیە لە ماوەی 7 بۆ 10 رۆژدا هەناردەکردنی پەینی کیمیایی دەستپێبکاتەوە لە ئەگەری رەخساندنی دەرفەت لەلایەن لایەنە ناکۆکەکانەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)

