رووداو دیجیتاڵ بۆ یەکەمجار، فێستیڤاڵی خورما و هەنگوینی خۆماڵی لە گەرمیان کرایەوە و بۆ ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت؛ لە فێستیڤاڵەکەدا 50 جووتیار و باخەوان بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن کە پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی خورمای گەرمیان بگاتە 750 تۆن و هەنگوینیش لە نێوان 60 بۆ 65 تۆن بێت. گەرمیان، ئەو ناوچەیەی بە گەرمی و وشکانی ناسراوە، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار رەنگ و بۆنی هەنگوین و خورمای خۆماڵی باڵی بەسەر کەشوهەوای ناوچەکەدا کێشاوە، ئەوەش بەهۆی کردنەوەی یەکەمین فێستیڤاڵی خورما و هەنگوین لە ناوچەکە. دیار محەممەد، یەکێک لەو جووتیارانەیە کە خاوەنی 4 هەزار دارخورمایە و بە جۆش و خرۆشەوە چەند جۆرێکی تایبەتی خورمای هێناوە بۆ ئەوەی بە کڕیاران و فرۆشیارانی بناسێنێت. ئەو بە رووداوی گوت: «پشت بە خوا لە ئایندەدا دەتوانین پێداویستیی هەولێر و سلێمانیش پڕبکەینەوە و پێویستمان بە هیچ وڵاتیکی دیکە نەبێت بۆ خورما؛ ئێستا گەرمیان بووەتە ناوەندی دارخورما و خورما، تەنیا کەمێک یارمەتیی جووتیاران بدرێت ئەوانیش هەمووی دەیکەن». لە گوندی کەنیزەردی گەرمیانەوە، هەنگەوانێک بەرهەمی ماندووبوونەکەی کە وەک ئاڵتوون دەدرەوشێتەوە، هێناوەتە فێستیڤاڵەکە. کازم ئەحمەد، هەنگەوانێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە و لەبارەی تایبەتمەندیی هەنگوینەکەیەوە بە رووداوی گوت: «هەنگەکەی ئێمە گوڵی تەڕوو دەخوات، قەڵەمتۆز و زەردەزیریشمان هەیە، بۆیە تایبەتە، ئەوەی ئێمە گوڵی تەڕوو دەخوات، بۆیە رەگێکی تاڵی هەیە». لە فێستیڤاڵەکەدا کە بۆ ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت، 50 جووتیار و باخەوان بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن. بەپێی ئامارەکان، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین لە گەرمیان لە نێوان 60 بۆ 65 تۆن بێت، هەروەها بەرهەمی خورماش نزیکەی 750 تۆن بێت. ئەم فێستیڤاڵە تەنیا بۆ فرۆشتنی خورما و هەنگوین نییە، بەڵکو دەیانەوێت بیسەلمێنن کە گەرمیان سەرەڕای وشکەساڵی، هێشتا لانکەی بەرهەمی باش و نایابە و پێویستی بە گرنگیدانی زیاترە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندا جێگەی خۆی بکاتەوە.