رووداو دیجیتاڵ ژمارەیەک پێشمەرگە دەڵێن، لە ئەپلیکەیشنی حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRDpass) بە پەیام مووچەی مانگی داهاتوویان (مانگی 11) بۆ دانراوە و بڕەکەی لە 150 هەزار دینارەوە بەرەو سەرووتر زیادی کردووە. پێشمەرگەیەک ئەمڕۆ هەینی 13-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چوار پێشمەرگە پێکەوەین، سێ کەسمان مووچەمان بڕەکەی زیاد بووە، ئەوانەی 850 هەزار بوو نووسراوە مووچەی داهاتوو زیاتر لە ملیۆنێک دینارە". ئەو پێشمەرگەیە گوتی: "هاوڕێی دیکەشمان مووچەی زیاد کراوە، لە هەمان کاتدا هەمانە هیچ مووچەی زیاد نەبووە، لەوانەی مووچەیان زیادی کردووە هەمانە هیچ بڕوانامەشی نییە، ئیدی نازانین هۆکارەکە چییە و لیواکانیشمان هیچ زانیارییان پێنەداوین". بەگوێرەی زانیاریی پێشمەرگەکان، زیادکردنی مووچە لە 150 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و هەیانە زیاتر لە 250 هەزار دینار مووچەکەی زیادی کردووە. رووداو لەگەڵ سێ ئەفسەری باڵا بە پلەی لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە قسەی کرد، ئەوان ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک بخەنەڕوو، نە رەتیانکردەوە و نە پشتیڕاستیان کردەوە. لە ئەپلیکەیشنی (KRDpass) کە فەرمییە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە (بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ) پەرەی پێ دراوە، مانگانە دوای وەرگرتنی مووچە، بڕی مووچەی مانگی داهاتوو دیاری دەکات کە بڕیارە بچێتە سەر هەژماری مووچەخۆرەکە. رووداو پەیوەندی بە بەرپرسانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، کە دامەزرێنەری ئەپلیکەیشنی کوردپاسن، بەڵام بەردەست نەبوون.