رووداو دیجیتاڵ
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 45 هەزار دابەزی. سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی سلێمانی دەڵێ، ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران و بەردەوامی داخرانی تەنگەی هورمز هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکانن.
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەم، دلێر تاهیر، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 لە هەرێمی کوردستان 45 هەزار دینار دابەزیوە و گەیشتووەتە 930 هەزار دینار."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم دابەزینە، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی سلێمانی روونیکردەوە: "بەردەوامی داخرانی تەنگەی هورمز و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە خێرایەن."
دلێر تاهیر ئاماژەی بەوەش کرد، "هۆکارێکی دیکە نەبوونی خواستی هاونیشتمانییانە، بەو پێیەی هاونیشتمانییان ترسیان لە دابەزینی زیاتری هەیە و دەیانەوێ پارەکانیان بە کاش هەڵبگرن."
دوێنێ چوارشەممە، مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 گەیشتە 976 هەزار دینار، ئەمڕۆ 46 هەزار دینار لە نرخەکەی دابەزیوە و گەیشتووەتە 930 هەزار دینار.
ئێستا نرخەکان بەم شێوەیەن:
زێڕی عەیارە 21 بە 930 هەزار دینار
زێڕی عەیارە 18 بە 796 هەزار دینار
زێڕی عەیارە 22 بە 974 هەزار دینار
زێڕی عەیارە 24 بە ملیۆنێک و 62 هەزار دینار
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەختیار ئەمین، زێڕنگەر لە هەولێر بە رووداوی گوت: "دوێنێ ئەم کاتانە نرخی مسقاڵێکی عەیارە 21 لە نێوان 976 بۆ 978 هەزار دینار بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ 930 هەزار دینار."
سەبارەت بە خواستی هاونیشتمانییان، ئەو زێڕنگەرە گوتی: "هاونیشتمانییان بەهۆی گرژییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەترسن زێڕ زیاتر دابەزێت، هەر بۆیە دێن و زێڕەکانیان دەفرۆشن، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخەکەیەتی."
ئێستا ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بە 3859 دۆلارە، لە کاتێکدا دوێنێ چوارشەممە، یەک ئۆنسە گەیشتبووە 4059 دۆلار.



