رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ لە خوار ئاستی 4,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مایەوە. ئەمەش دوای ئەوەی بەردەوامیی گوشارەکانی هەڵاوسان و لێدوانە تووندەکانی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، پێشبینییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەیەکی دیکەی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەهێزتر کرد.
نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوامی دا بە دابەزینە گەورەکەی رۆژی رابردووی خۆی و ئۆنسیەکی بە 3980 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازاڕەکان بە تەواوەتی بەرزکردنەوەی 0.25٪ رێژەی سوودی بانکی لە مانگی کانوونی یەکەمدا پێشبینیکردووە، لە کاتێکدا بەشێک لە وەبەرهێنەران پێشبینیی هەنگاوێکی گەورەتری 50٪ دەکەن.
ئۆستن گووڵسبی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لقی شیکاگۆ راپۆرتی هەڵاوسانی مانگی تشرینی یەکەمی بە نیگەرانکەر وەسفکرد، هاوکات ئانا پاوڵسن، داڕێژەری سیاسەتی نەختی هۆشداریدا لەوەی گوشارە بەرزەکانی نرخەکان بەهۆی فاکتەری کاتییەوە دروست نەبوون.
لەلایەکی دیکەوە سوودی قەواڵە دوو ساڵییەکانی گەنجینەی ئەمریکا کە زۆر هەستیارە بە گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نەختی کورتخایەن، لە مامەڵەکانی دوو رۆژی رابردوودا 0.18٪ بەرزبوونەوە. بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن لەسەرنجراکێشی زێڕ کەمدەکاتەوە.
شارەزایانی بانکی (ANZ) رایانگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی زیاتری هەڵاوسان و خۆڕاگریی داتاکانی ئابووری، پێشبینییەکانی بۆ هەڵوێستێکی تووندتری بانکی ناوەندی زیاتر کردووە، لەنێویاندا ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.50٪ لە کانوونی یەکەمدا. بانکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرزبوونەوەی سوودی قەواڵەکان و بەهێزبوونی دۆلار، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر خواستی وەبەرهێنەران بۆ کڕینی زێڕ دروستکردووە.



