رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی کارگێڕیی گەورە کۆمپانیای تەکنەلۆجیای ئێنڤیدیا خۆی بۆ دوورخستنەوە و لەسەرکارلادانی جێنسن هوانگ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئامادە دەکات، ئەوەش لە دوای زنجیرەیەک ئابڕووچوونی پەیوەندیی سۆزداریی لە دەرەوەی ژیانی هاوژینی و گومانی دزەپێکردنی زانیاری بۆ دەزگای هەواڵگریی چین.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵـی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکە کۆدەبێتەوە تاوەکو بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر چارەنووسی جێنسن هوانگ بدات کە بە یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانی کەرتی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد لە جیهاندا دادەنرێت.
وردەکاریی پەیوەندییە نهێنییەکان و گومانی سیخوڕی
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باسی لەوە کرد کە هوانگی تەمەن 63 ساڵ، پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ کیمبەرلی پاوڵی تەمەن 48 ساڵ، جێگری سەرۆکی ئێنڤیدیا بۆ کەرتی تەندروستی هەبووە، بەڵگەی وێنەیی و ڤیدیۆییش لە هوتێلێکی شاری سان خۆسێ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە نێوانیاندا بڵاوبووەتەوە.
ئەم ئابڕووچوونە نوێیە دوای ئەوە هات کە پێشتر هوانگ دانی بە پەیوەندییەکی دیکەیدا نابوو لەگەڵ خانمێک بە ناوی ئالیس هوانگ، کە بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیای مێگاسپیدی تایبەت بە داتاسەنتەرەکانە لە سینگاپوور؛ راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئالیس هوانگ بۆ وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەتی چین کاری کردووە، ئەمەش گومانی ئەوەی دروستکردووە کە بەڕێوەبەری ئێنڤیدیا لە رێگەی ئەو پەیوەندییەوە کرابێتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنێکی سیخوڕیی بێگانە.
جێنسن هوانگ لە پەیامێکدا بۆ کارمەندانی کۆمپانیاکەی بە فەرمی داوای لێبوردنی کرد و گوتی: "من ناپاکییم بەرامبەر بە هاوژینەکەم کرد، رەفتارەکانم ئازاری بە هاوژینەکەم و منداڵەکانمان گەیاند؛ هیچ پاساوێک بۆ ئەوەی کردوومە نییە و زۆر داوای لێبوردن دەکەم."
لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس و سکاڵای خاوەن پشکەکان
هاوکات لەگەڵ ئەم دانپێدانانە، ئێنڤیدیا دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی راگەیاند، کۆنگرێسی ئەمریکاش داوای لێکردووە لە دانیشتنێکی داخراودا لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو خانمەدا روونکردنەوە بدات.
بەهۆی شاردنەوەی ئەم زانیارییانە لە بازاڕ، خاوەن پشکەکانی کۆمپانیای ئێنڤیدیا سکاڵایەکی یاسایی بەکۆمەڵیان لە دژی هوانگ و کۆمپانیاکە تۆمارکردووە؛ لە چەند رۆژی رابردووشدا بەهای پشکەکانی ئێنڤیدیا لە بۆرسەدا رووبەڕووی دابەزینێکی گەورە بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی هوانگ مانگی رابردوو مەدالیای نیشتمانیی زانستی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێبەخشرابوو.


