رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت زیاتر لە یەک دۆلار دابەزی، ئەمەش بەهۆی گەشبینی بە پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی ئاشتی سەبارەت بە جەنگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رووسیا-ئۆکراینا کە بوونەتە هۆی دروستبوونی گوشاری فرۆشتن لە بازاڕدا.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، 1.14 دۆلار یان بە رێژەی 1.2% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 91.62 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 1.04 دۆلار، یان بە رێژەی 1.2% دابەزی بۆ 85.49 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا، نەوتی برێنت نزیکەی 1.4% و نەوتی تەکساس 0.6% بەرزببوونەوە.
هیرۆیوکی کیکوکاوا، گەورە شارەزای بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (Nissan Securities Investment) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بازاڕەکان لەژێر کاریگەریی ئەو پێشبینییانەدا دادەبەزن کە باس لە بوونی هەوڵی ژێربەژێر دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، هاوکات ئەگەری پەرەسەندنی جەنگی ئێرانیش پێش لووتکەی هەفتەی داهاتووی نێوان ئەمریکا و چین زۆر کەمە. بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا نادڵنیایی لەبارەی تەنگەی هورمز ماوە، بەدوور دەزانرێت بازاڕ ڕووبەڕووی داڕمانێکی گەورە ببێتەوە."
دانوستانکارانی رووسیا و ئۆکراینا لە کۆتایی گفتوگۆ دوو رۆژەکەیاندا لە ئەبوزەبی کە رۆژی چوارشەممە کۆتایی هات، لەسەر ئاڵوگۆڕێکی گەورەی دیلەکان رێککەوتن. هەرچەندە نێوەندگیرانی ئەمریکا رایانگەیاند کە ناکۆکیی قووڵ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی دیکەی وەک سنوور و خاک ماوەتەوە.
هاوکات، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند کیێڤ هیواخوازە لەم ساڵدا بگاتە ئەنجامێکی کرداری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
لەلایەکی دیکەوە، موحسین رەزایی، بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند تاران رێگە نادات تەنانەت یەک گەردیلە لە ماددەی پیتێنراوی ئەتۆمی لە وڵات دەربچێت و، هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ئەمریکا هێرشی نوێ بکات، وەڵامی قورسی دەبێت. واشنتن جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پرسی ئەتۆمی بەشێک بێت لە هەر گفتوگۆیەکی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا پێویستیی هێرشی سەربازیی دەستبەجێیان بەدوور زانیوە.
لە کەرتی خستنەڕووشدا، بەرهەمهێنانی نەوتی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەرزبووەوە، بەتایبەت بەهۆی بازدانی بەرچاوی بەرهەمی سعودیە سەرەڕای بەردەوامیی ئاستەنگەکانی بەردەم کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز. هاوکات بەپێی داتاکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکی (API)، کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی نۆ ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە؛ بڕیاریشە ئەمڕۆ ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) ئامارە فەرمییەکانی کۆگاکانی نەوت بڵاوبکاتەوە.



