رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد و درێژەی بە زیانەکانی دوێنێ دا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێستا پێویست بە هێرشکردنە سەر ئێران ناکات. ئەمەش ئەو ترسانەی رەواندەوە کە لەسەر پەککەوتنی خستنەڕووی وزە هەیە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 70 سەنت یان بەڕێژەی 0.75% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 91.88 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 78 سەنت، یان بەڕیژەی 0.90% دابەزی بۆ 86.07 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. دابەزینەکەی ئەمڕۆ دوای ئەوە هات کە لە مامەڵەکانی رۆژی دووشەممەدا، نەوتی برێنت بەڕێژەی 5.85% داڕما و لە نزمترین ئاستی خۆی لە دوای 31ـی ئابەوە داخرابوو.
ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پلانی هەیە بۆ کاتێکی نادیار هێرشە سەربازییە نوێیەکان دژ بە ئێران رابگرێت، ئەمەش دوای داواکاریی وڵاتانی ناوچەکە، لەنێویاندا داواکاریی سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە میانی کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی. سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز و دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە پلانی هەیە ئێستا گەمارۆ دەریاییەکەی لە تەنگەی هورمزدا وەک خۆی بهێڵێتەوە.
تیم واتەرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕ کاردانەوەی بە لێدوانە ئەرێنییەکانی ترەمپ پێشانداوە. هەرچەندە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەوروبەری تەنگەی هورمز هێشتا بەردەوامە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستێک کە پاڵپشتی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دروستبکات."
لە رووی خستنەڕووشەوە، راپرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرز دەریخستووە کە بەرهەمهێنانی نەوتی هاوپەیمانیی ئۆپێک لە مانگی تشرینی یەکەمدا زیادی کردووە، بەتایبەت بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی سعودیە، کوێت و عێراق سەرەڕای بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردن.
نەوتی برێنت ئێستا نزیکەی 22% لە بەرزترین ئاستی شەش مانگی رابردووی خۆی پاشەکشەی کردووە، کە لە 30ـی تشرینی یەکەمدا لە دەوروبەری 118 دۆلار تۆماری کردبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، گرێگۆری بریو، گەورە شرۆڤەکاری گرووپی یۆرۆئاسیا (Eurasia Group) هۆشداریدەدات، "سەرەڕای دابەزینی ئەم دواییە، بەدوور دەزانرێت نەوتی برێنت بۆ خوار 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داببەزێت بەبێ بوونی ئاماژەی بەردەوامی کەمبوونەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران، بەتایبەت کە مەترسییەکان لەسەر کەشتیوانی هێشتا بە بەرزی ماونەتەوە."
.jpg&w=3840&q=75)


