رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بەشێک لە قازانجەکانی دوێنێی لەدەستدا کە توانیبوو بگاتە نزیکەی 4150 دۆلار.
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و گەشبینی بە رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە گەیشتە 4147 دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی کانزای زەرد نەیتوانی درێژە بە بەرزبوونەوەکانی دوێنێی بدات و دابەزی بۆ نزیکەی 4110 دۆلار.
لە ئاستی رۆژانەدا نرخی زێڕ، رۆژی دووشەممە بەڕیژەی 1.7% بەرزبووەوە و هەفتەی رابردووش هەڵکشانێکی نزیکەی 5%ـی تۆمارکردووە.
بە شێوەیەکی گشتی لە ئەمساڵدا، نرخی زێڕ و نەوت بە پێچەوانەی یەکدی جووڵاون، بەرزبوونەوەی نرخی وزە ئاگری هەڵاوسانی خۆشتر کردووە و پێشبینییەکانی بۆ تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی و بەرزکردنەوەی سوود بەهێز کردووە، ئەوەش بووەتە بەربەست لەبەردەم زێڕدا.
دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی نرخی نەوتی خاو، بەشێک لەو گوشارانەی سەر نرخی زێڕی کەمکردووەتەوە. هاوکات لاوازبوونی دۆلار وایکردووە کڕینی زێڕ بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی خاوەنی دراوەکانی دیکەن هەرزانتر بێت، هەرچەندە پێنوێنی دۆلار کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
سەرەڕای ئەوەش، بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ لەوانەیە روونەدات بەهۆی نیگەرانییەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان. بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوامن لە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان، لە کاتێکدا بازرگانان ئەگەرێکی بەرز دادەنێن بۆ ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمدا رێژەی سوودی بانکی جارێکی دیکە بەرزبکرێتەوە.
تۆم بارکین، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لقی ریچمۆند و ئۆستن گووڵسبی، سەرۆکی لقی شیکاگۆ هەردووکیان جەختیان لە خۆڕاگریی ئابووریی ئەمریکا و بەردەوامی گوشارەکانی هەڵاوسان کردووەتەوە. ئەوەش ئەو پێشبینییانە بەهێز دەکات کە رەنگە پێویست بێت سیاسەتی نەختی بە تووندی بمێنێتەوە یاخود رێژەی سوود زیاتریش بەرزبکرێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

