رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ لە ئاستی باڵا کۆبوونەوەی گرنگ لە بەغدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق دەکرێ.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ شاندی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو و رادەستی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی کرد، ئەویش دەیخاتە بەردەم عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
دانەر عەبدولغەفار، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراقە، گوتی: " بڕیارە ئەمڕۆ لە ئاستی باڵا لە بەغدا، کۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانی بکرێ."
رووداو زانیویەتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ دووشەممە 09-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا و چەند پرسێکی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکات".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا، پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر بەگشتی، هەروەها دۆخی عێراق و ناوچەکە لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکرێن.
محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی ئابووریی وەزیرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026 لە بەغدا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027.
کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی وەزیرانی نەوت، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابووری لە وەزارەتی نەوت و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی وەزیرانی عێراق، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا میوانداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە پێکهاتبوو لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، بە مەبەستی درێژەدان و تەواوکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، ئامادەبووان بە وردی تاوتوێی دۆسیەی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و خانەنشینان، پرسی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خەرجییە سەروەریی و فەرمانڕەواییان کرد.


.webp&w=3840&q=75)
