رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ دووشەممە نرخی زێڕ زیاتر لە 1% بەرزبووەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی دابەزینی نرخی نەوت نیگەرانییەکانی هەڵاوسانی کەمکردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە وەبەرهێنەران چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارە سەرەکییەکانی هەڵاوسانی ئەمریکان.
نرخی زێڕ ئەمرۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 1.6% بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4,129 دۆلار. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی کانوونی یەکەم بەڕێژەی 1.6% بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 4,139 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. کانزا زەردەکە لە هەفتەی رابردووشدا بەرزبوونەوەیەکی نزیکەی 5%ـی تۆمارکردبوو.
دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند دوورە لەوەی فەرمانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران دەربکات لە کاتێکدا دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەردەوامن. ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی پەککەوتنی خستنەڕووی نەوت رەواندەوە. دابەزینی نرخی نەوت گوشارەکانی هەڵاوسان کەم دەکاتەوە و پێشبینییەکان بۆ مانەوەی سوود لە ئاستێکی بەرزدا لاواز دەکات.
تیم واتەرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گوتاری نەرمی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران هاوکارە لە کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوت، ئەمەش لەگەڵ پاشەکشەی دۆلار، بەشێک لەو گوشارەی هەڵاوسانی لەسەر نرخی زێڕ کەم کردووەتەوە." دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی وایکردووە کڕینی زێڕ بۆ کڕیارانی نێودەوڵەتی هەرزانتر بێت.
لە لایەکی دیکەوە، گەشەی هەلیکار لە ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمدا خێراتر بوو و رێژەی بێکاری بۆ 4.1% دابەزی، ئەمەش نیشانەی بەهێزیی بازاڕی کارە و وادەکات بانکی ناوەندی لەسەر رێڕەوی بەرزکردنەوەی سوود لە مانگی کانوونی یەکەمدا بمێنێتەوە. بەپێی پێوەری (فێد وۆچ)ـی سەر بە گرووپی CME، ئێستا بازرگانان ئەگەری بەرزکردنەوەی سوود لە مانگی کانوونی یەکەمدا بە 79% دادەنێن، لە کاتێکدا پێش بڵاوبوونەوەی داتاکانی کار ئەو رێژەیە 71% بوو.
ئێستاش چاوی بازاڕ لەسەر بڵاوبوونەوەی پێنوێنی نرخەکانی بەکاربەرە (CPI) لە رۆژی سێشەممە و پێنوێنی نرخەکانی بەرهەمهێنەرە (PPI) لە رۆژی هەینیدا تاوەکو ئاسۆی داهاتووی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکایان بۆ روون ببێتەوە. واتەرەر لەو بارەیەوە هۆشداریدەدات و دەڵێت، "هەر ئامارێکی بەرز لە هەڵاوسان، بە ئەگەری زۆرەوە بەهای دۆلار بەهێز دەکات و چانسی بەرزکردنەوەی سوود لە کانوونی یەکەمدا زیاتر دەکات، ئەوەش دەستبەجێ زێڕ دەخاتەوە دۆخی بەرگری و پاشەکشە."

.webp&w=3840&q=75)

