رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە رۆژی سێشەممە، نرخی بەنزین بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمار کرد.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی (AAA)، نرخی یەک گاڵۆن (نزیکەی 3.7 لیتر) بەنزینی ئاسایی رۆژی دووشەممە گەیشتووەتە 4.17 دۆلار. ئەم نرخانە بەراورد بە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 زۆر بەرزترن، ئەو کاتەی نرخی گاڵۆنێک بەنزین تەنیا 3.10 دۆلار بوو.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی 2024دا بەڵێنی دابوو نرخی بەنزین بۆ 2 دۆلار دابەزێنێت، بەڵام کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران دەرئەنجامێکی تەواو پێچەوانەی دروستکرد؛ بە شێوەیەک نرخی بەنزین لە خولی دووەمی ترەمپ دا بە تێکڕا بە (3.48 دۆلار ) بووە، بەڵام لە ماوەی دەسەڵاتی بایدن (3.471 دۆلار) بووە.
هاوکات ئەم ساڵ ژمارەی پێوانەیی 2022 شکا، ژمارەی ئەو رۆژانەی نرخی گاڵۆنێک بەنزین 4 دۆلار یان زیاتر بووە؛ گەیشتە 185 رۆژ بەرامبەر 158 رۆژ لە ساڵی 2022.
میشیگن زۆرترین زیانی بەرکەوتووە
ویلایەتی میشیگن، یەکێکە لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی ئەم هەڵبژاردنە، لە 12 مانگی رابردوودا گەورەترین بازدانی لە نرخی سووتەمەنیدا بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە سەرجەم ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا؛ نرخی گاڵۆنێک بەنزین لە 2.97 دۆلاری ساڵی رابردووەوە بۆ 4.52 دۆلار بەرزبووەوە (رۆژی دووشەممەی رابردوو).
لە لایەکی دیکەشەوە، نرخی گازوایل نزیکە لە بەرزترین ئاستی مێژوویی و گەیشتووەتە 6.29 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک، ئەمەش ژمارەی پێوانەیی کاتی هەڵبژاردنی ساڵی 2022 (5.35 دۆلار) دەشکێنێت و نزیکەی دوو هێندەی نرخی سووتەمەنییە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی 2024 (3.56 دۆلار).
راپرسییەکان دەریدەخەن کە دۆسیەی گرانیی سووتەمەنی و بژێوی بارگرانییەکی گەورەی لەسەر شانی ترەمپ و کۆمارییەکان دروستکردووە، بەتایبەت کە نرخی گازوایل تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسانیش، بەرزترین ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی رۆژی هەڵبژاردنەکاندا تۆمار کردووە.
لە مێژووی سیاسیی ئەمریکادا، تابلۆی نرخی بەنزینخانەکان هەمیشە وەک پێوەرێکی دەستبەجێ و رۆژانە بۆ پێوانەکردنی سەرکەوتن یان شکستی ئابووریی حیزبی دەسەڵاتدار سەیر دەکرێت.



