رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نرخی لیترێک گازی (LPG) کە بە گازی ماڵان دەناسرێ بە شێوەی بازرگانی لە سلێمانی لیتری 250 دینار بەرز بووەوە، بەڵام قایمقامەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دڵنیایی دەدەنە خەڵك، کێشەی گازیان نییە و رۆژانە بوتڵی بە 8500 دینار دابەش دەکەن.
شەوی یەکشەممە 08-11-2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە پڕۆژەکە راگیرا، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.
دابەشکردنی گازی حکومی
لە دوای راگیرانی گازی شل لە کێڵگەی کۆرمۆر، لە بەشێکی شارەکانی هەرێمی کوردستان نرخی گازی بازرگانی بەرزبووەوە و هاونیشتمانیان نۆرەیان بۆ کڕینی گرت، بەڵام بەرپرسان دەڵێن، دابەشکردنی گازی حکومی لە گەڕەکەکان بەردەوامە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 24-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەی گازی ماڵانمان نییە، ئێستاش هاوشێوەی پێشوو رۆژانە دابەشکردنی گاز بەردەوامە."
لە هەولێر بریکارەکان گازی ماڵان بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێنن و بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەشی دەکەن. قایمقامی هەولێر دەڵێت: "دڵنیایی دەدەینە دانیشتووان، ئێستاش بریکارەکان لە کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و گاز دابەش دەکەن، گوشار و قەرەباڵخی دروست نەبووە و دۆخەکە ئاسایی بەڕێوەدەچێ."
عومەر عەبدوڵڵا، بەرپرسی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "24 کارگەی گازمان هەن و کراون بە نۆرە و رۆژی 12ـیان کار دەکەن، ئێستاش دابەشکردنی گازی حکومی بەردەوامە."
فازڵ عومەر، قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەشکردنی گاز بە نرخی پاڵپشتیکراو لە کۆڵانەکاندا بوتڵی بە 8500 دینار بەردەوامە".
بریندار حەیدەر، قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆک، بۆ رووداو قسەی کرد و دەڵێ: "کێشە بۆ دابەشکردنی گازی حکومی دروست نەبووە، ئێستاش رۆژانە بریکارەکان بوتڵی بە 8500 دینار دەدەنە هاونیشتمانیان".
نرخی گازی بازرگانی
هەر بوتڵێکی گازی ماڵان نزیکەی 24 لیتری تێدەکرێ، تاوەکو دوێنێ لە بەنزینخانەکانی سلێمانی لیتری بە 500 دینار بوو بە شێوەی بازرگانی، واتە بوتڵێک 12 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ نرخی لیترێک بووە بە 750 دینار و بوتڵێک بە 18 هەزار دینار پڕ دەکرێتەوە.
عومەر عەبدوڵڵا، بەرپرسی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی دەڵێت: "لە دوێنێوە بەنزینخانەکان نرخیان بەرز کردووەتەوە، گۆڕەپانی خۆیان هەیە و پەیوەندیی بە حکومەتەوە نییە و بازرگانییە، ئەوەی گرنگە دابەشکردنی گازی حکومی وەکو خۆی بەردەوامە."
لە هەولێر زیاتر لە هەفتەیەکە نرخی گاز بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆش نرخەکە لیتری بە 710 بۆ 740 دینارە، واتە بوتڵێکی 24 لیتری بە نزیکەی 17 هەزار و 750 دینار پڕ دەکرێتەوە.
رۆژێک دوای هێرشەکەی کۆرمۆر و 19-12-2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەسەر داواکاریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ رەزامەندیی دەربڕی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راسپارد، بۆ ئەوەی بڕی پێویستی گازی شل بۆ خەڵكی هەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە."



