رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن)ـی ئەمریکی، کە ئەزموونێکی درێژخایەنی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، دەستی بە وەبەرهێنان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد.
کۆمپانیاکە پلانی هەیە لە دوو ساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی نزیک شارۆچکەی رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان بۆ نزیکەی 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبکاتەوە.
ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بۆ کاروباری حکومی، بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، کۆمپانیاکەیان لە مانگی نیساندا گرێبەستێکی 25 ساڵەی هاوبەشیکردنی بەرهەمهێنانی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سووریا (ئێس پی سی) واژۆ کرد و لە مانگی حوزەیرانیشدا بە کردەیی سەرپەرشتیکردنی هەشت کێڵگەی نەوتی لە دەوروبەری رمێلان وەرگرت.
ئێچ کەی ئێن لەم پڕۆژەیەدا هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (یو سی سی هۆڵدینگ)ـی قەتەری کردووە، بەڵام وەک تاکە بەگەڕخەری کێڵگەکان کار دەکات.
بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان
ماتیۆ زایس گوتی، لە کاتی وەرگرتنی کێڵگەکان، ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی 80 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، بەڵام ژێرخانەکە بە تەواوی وێران ببوو و رۆژانە سێ بۆ چوار دزەکردنی نەوت روویدەدا. ئێستا بەرهەمهێنان لە نێوان 65 بۆ 70 هەزار بەرمیلە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە بۆ پاراستنی ژینگە بە شێوەیەکی کاتی چەند بیرێکی نەوتی داخست.
جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکە باسی لەوە کرد کە پێشتر رۆژانە زیاتر لە 120 هەزار بەرمیل ئاوی پاشماوەی ژەهراوی و نەوتی دەڕژێندرایە نێو رووباری خابوور و دواتریش دەچووە نێو رووباری فورات، کە خەڵکی ناوچەکە ناویان نابوو "رووباری مەرگ" یان "رووباری رەش".
زەیس گوتی کۆمپانیاکەی توانیویەتی بە کەمکردنەوەیەکی کاتیی 13 بۆ 14 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بە تەواوی رێگری لە رژانی ئەو ئاوە پیسە بگرێ و ژینگەی ناوچەکە لە کارەسات رزگار بکات و ئێستاش بەرهەمهێنانەکەیان بە شێوازێکی تەندروست و بەبێ پیسکردنی ژینگە گەڕاندووەتەوە دۆخی پێشوو.
چارەنووسی کۆمپانیای نەوتی جەزیرە و کرێکاران
ئەو کێڵگانەی ئێچ کەی ئێن وەریگرتوون، پێشتر لەلایەن (کۆمپانیای نەوتی جەزیرە)ـوە بەڕێوەدەبران کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو.
زەیس روونیکردەوە کە “گرێبەستی ئێچ کەی ئێن راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سووریایە لە دیمەشق و کۆمپانیای جەزیرە هیچ پشکێکی لەو گرێبەستەدا نییە"، بەڵام بەپێی زانیاریی ئەوان، کۆمپانیای جەزیرە پشکێکی دیاریکراوی نەوتی خاو لە حکومەتی سووریا وەردەگرێ بۆ ئەوەی لە پاڵاوگە ناوخۆییەکاندا بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە رۆژئاوای کوردستان بیپاڵێوێت.
لە کاتی رادەستکردنی کێڵگەکاندا نزیکەی 6 هەزار کەس لە کەرتی نەوت کاریان دەکرد، بەڵام بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستێکی کاتی لە مانگی ئابدا، ژمارەیەکی زۆری کارمەندان لەسەر کار لادران، ئەمەش ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆڵی هەبوو لە هێورکردنەوەی دۆخەکە.
زەیس ئاشکرای کرد کە ئێستا ئێچ کەی ئێن 1,100 کارمەندی ناوخۆیی و 1,500 کارمەندی مۆڵەتپێدراوی کۆمپانیای نەوتی سووریا (ئێس پی سی) دامەزراندووە، لەگەڵ 52 شارەزای بیانی و 42 کارمەندی ژن و جەختی کردەوە کە زیاتر لە 85%ـی هێزی کاریان ناوخۆیین، هاوشێوەی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
هەناردەکردن و رێڕەوی نوێی نەوت
سەبارەت بە چارەنووسی نەوتەکە، زەیس ئاشکرای کرد کە نەوتی کێڵگەی بلۆکی 26ـی سەر بە کۆمپانیای (گەڵفساندز پێترۆلیۆم)ـی بەریتانیش لە دامەزراوەکانی ئەوان لە رمێلان دەپاڵێورێ؛ دواتریش لە رێگەی تەنکەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست تاوەکو باربکرێتە سەر کەشتییەکان بۆ هەناردەکردن. زەیس رەتیکردەوە کە هیچ بڕە نەوتێک لەو کێڵگانەوە بچێتە هەرێمی کوردستان یان تورکیا.
زەیس ئاماژەی بەوە کرد کە گواستنەوە بە تەنکەر چارەسەرێکی درێژخایەن نییە، بۆیە حکومەتی سووریا بە پەلە کار لەسەر چاککردنەوەی هێڵی بۆریی حەسەکە بۆ تەرتووس دەکات.
لە رووی جیۆپۆلیتیکیشەوە، زایس گوتی: "تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سووریا هاندەرێکی گەورە بووە بۆ هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان تاوەکو رێگری لە کۆنترۆڵکردنی کێڵگەکان لەلایەن چینەوە بکرێت."
گوتیشی هەروەها کردنەوەی دەروازەی سنووریی نێوان نسێبین لە باکووری کوردستان و قامیشلۆ، کە پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە لە ئەنجامی گفتوگۆکانی ئاشتی لە تورکیا بکرێتەوە، "دەبێتە دەستکەوتێکی گەورەی ئابووری و هاوکار دەبێت لە گەیاندنی کەرەستە و پێداویستییەکان بۆ کارەکانی ئێچ کەی ئێن لە ناوچەکەدا."



.jpg&w=3840&q=75)