رووداو دیجیتاڵ
بیبەری هەرێمی
کوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، بەڵام ساخنەبوونەوە و هەرزانییەکەی لە بازاردا
زیان بە جووتیاران دەگەیێنێت. جووتیارێکی هەڵەبجە دەڵێ: "50 ملیۆن دینار زەرەرم
کردووە."
هەژار عەبدوڵڵا، 30 دۆنم
زەویی بە بیبەر چاندووە و بەرهەمەکەی 300 تۆنە، بەڵام ئەم بە بڕشتییە نەک قازانجی
بۆی نەبووە، بەڵکو زەرەریش دەکات و وەک خۆی دەڵێ: 50 ملیۆن دینارە.
هەژار عەبدوڵڵا، جووتیاری
نموونەییە و ماستەری لە زانستەکانی کشتوکاڵیشدا هەیە، سەرەڕای بەرهەمهێنانی چەند بیبەرێکی
جیاواز لە تام و رەنگدا، بەڵام لەبەر بێبازاڕی، ئەم ساڵ بەری رەنجی ئەگەر بشچنێتەوە،
دەستمایەکەی پڕ ناکاتەوە.
هەژار قسەی بۆ تۆڕی میدیایی
رووداو کرد و گوتی، "بەرەهەمەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا کڕیاریان کەمە،
ئێستا کیلۆی بیبەر لە بازاڕدا بە 100 دینار دەفرۆشرێت، کە تەنانەت کرێی کرێکار و
گواستنەوەش دەرناکات. ئەمە 50 ملیۆن دینار زەرەری لێداوم و وای لێکردووم بیر لە
چاندنی بیبەر نەکەمەوە."
لەبارەی ئەم گرفتەی هەژار
عەبدوڵڵا، تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی کرد بە قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی
کشتوکاڵ و رایگەیاند، "لە کاتی پێگەیشتنی بەروبوومی خۆماڵیدا، بە دانانی باج
و گومرگ لەسەر بەرهەمی هاوردە و رێگەدان بە هەناردەکردن، پشتگیری لە جووتیاران دەکات."
هەرچەندە ئاماری تایبەت
بە بیبەر بەردەست نییە، بەڵام گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند: "بەرهەمی
سەوزە لە هەرێمی کوردستان زۆر بووە و گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی."
بە گوتەی قارەمان
قادر، لە کاتی زۆربوونی بەرهەمدا بەشێک لە بیبەری خۆماڵی بۆ شارەکانی ناوەڕاست و
خوارووی عێراق هەناردە دەکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)