رووداو دیجیتاڵ لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان وەرزی چنینەوەی و کۆکردنەوەی پەموو دەستیپێکرد. بەهۆی بارانی پێشوەختەی پاییز و لە ترسی رزینی بەرهەمەکانیان، جووتیاران ئەمساڵ زووتر لە کاتی ئاسایی دەستیان بە دروێنەی "زێڕی سپی" کردووە، بەڵام هاوتانەبوونی تێچووی بەرهەمهێنان لەگەڵ نرخی فرۆشتن، جووتیاران و کرێکارانی وەرزیی بێئومێد کردووە. ساڵانە لە سنووری پارێزگای ئامەد لەسەر رووبەری نزیکەی 750 هەزار دۆنم زەوی، پەموو (لۆکە) دەچێندرێت. ئەمساڵ بەهۆی درێژەکێشانی بارانبارینی بەهارەوە، وەرزی چاندن درەنگ دەستیپێکرد، بەڵام زوو بارینی بارانی پاییز وایکرد جووتیاران بەپەلە و پێشوەختە بچنە ناو کێڵگەکانیان بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان تاوەکو لەناو نەچێت. لە گوندی "عەینەتای سەروو" سەر بە پارێزگای ئامەد، جووتیاران بە دەست و بە ئامێر سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیانن و دەڵێن؛ بارانی زۆری بەهار و پاییز زیانێکی گەورەی بە کوالیتی و بڕی بەرهەمەکە گەیاندووە، لە هەمووشی خراپتر ئەوەیە نرخی فرۆشتنی پەموو زۆر کەمە و لەگەڵ خەرجییەکانیاندا یەکناگرێتەوە. "داهات و خەرجی یەکسانن و ماندووبوونمان بۆ دەمێنێتەوە" ئێستا لە بازاڕەکاندا هەر کیلۆیەک پەموو بە 35 تا 40 لیرە دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا جووتیاران پێداگری دەکەن کە پێویستە نرخی یەک کیلۆ لانیکەم یەک دۆلاری ئەمریکی (واتا نزیکەی 50 لیرەی تورکی) بێت بۆ ئەوەی بتوانن قازانجێک بکەن. عەلی ئەرسلان، یەکێک لە جووتیارانی ناوچەکە، باس لە زیانەکانی دەکات و دەڵێت: "ئێمە ئەمساڵ 170 دۆنم پەموومان چاند. تێچووی پەین، تۆو، دەرمان، کێڵان، هاتووچۆ و پارەی ئاو لەسەر هەر دۆنمێک 24 بۆ 25 هەزار لیرە دەکەوێت. لە هەر دۆنمێکیش نزیکەی 700 کیلۆ پەموو بەرهەم دێنین کە بە 30 بۆ 35 لیرە دەفرۆشرێت، واتا قازانجی هەر دۆنمێک هەر 24 بۆ 25 هەزار لیرەیە! خەرجی و داهات یەکسان دەبنەوە و هیچ بۆ ئێمە نامێنێتەوە. تەنیا لەبەر ئەوەی زەوییەکە هی خۆمانە ناچارین بیکێڵین، ئەگەرنا یەک لیرەش قازانجمان نییە." کرێکارانی وەرزی: لەنێو قوڕولیتەدا بە خەم و بێپاریی کار دەکەین دۆخی خراپی ئابووریی تەنیا جووتیارانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی سەدان کرێکاری وەرزی داناوە کە لە ناوچە جیاوازەکانەوە روویان لە کێڵگەکان کردووە. ئەڤدۆ تەکین، سەرپەرشتیاری کرێکاران کە 80 کەسی لەگەڵ خۆیدا بردووەتە سەر کێڵگەکان، دەڵێت: "ئێمە کاژێر 3ی بەرەبەیان لە خەو هەڵدەستین، دێینە ناو زەوییەکان و لەنێو قوڕولیتەدا کار دەکەین، بەڵام پارە نییە! بەیانی پارەم پێ نەبوو گاز بۆ ئۆتۆمبێلەکەم بکەم، خاوەن زەوییەکانیش لەبەر ئەوەی قازانج ناکەن ناتوانن پارەمان بدەنێ. ئەگەر جووتیار قازانج بکات، ئێمەش قازانج دەکەین. دوای پێنج ڕۆژ لە کارکردن بە زەحمەت کرێی رۆژێکمان دەستدەکەوێت. ئەمڕۆ فەردەیەک شەکەر بە 1,200 لیرەیە و تەنەکەیەک رۆن بە دوو هەزار لیرەیە، بەم حاڵە چۆن ژن و منداڵەکانمان بەخێو بکەین؟" گۆزێ چەتین، ژنە کرێکارێکی وەرزییە و بە دەستێکی ماندووەوە لەناو کێڵگەکە دەڵێت: "ئەم کارە زۆر سەختە و ستەمە لەسەرمان. پشتمان دەئێشێت و تاقەتمان نەماوە، بەڵام لەبەر دەردی هەژاری پەنامان بۆ ئەم دەشت و دەەرە هێناوە. کرێکەمان بەشی بژێویمان ناکات، بەڵام بێ ئیشی خراپترە و ناچارین بەرگە بگرین." مەتین تەکین، کرێکارێکی دیکەیە و ئاماژە بە کۆچە بەردەوامەکەیان دەکات بۆ کارکردن: "ئێمە کرێکاری وەرزیین؛ سەرەتا لە چنینەوەی تەماتە دەستپێدەکەین، دواتر دێینە سەر پەموو، کاتێک وەرزی پەمووش تەواو دەبێت ناچارین بچینە ئەستەنبوڵ کار بکەین تا وەرزی داهاتوو دێتەوە." مەترسی لەسەر پێگەی ئامەد لە بەرهەمهێنانی لۆکەدا پارێزگای ئامەد لەسەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیادا، بە بەرهەمهێنانی نزیکەی 20٪ی کۆی گشتیی پەموو، دوای پارێزگای رووها لە پلەی دووەمدایە. بەڵام جووتیارانی ناوچەکە هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی گرانیی تێچوو و نزمیی نرخەکان، وادەکات ساڵ بە ساڵ رووبەری چاندنی ئەم بەرهەمە داببەزێت و ئەم پێگەیە لەدەست بدەن.