رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری دا رێژەی سوودی بانکی بەبێ گۆڕانکاری لە نێوان 3.75٪ بۆ 4.00٪دا بهێڵێتەوە، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا دێت، کە تێیدا هەڵاوسان بووەتە کێشەی سەرەکیی دەنگدەران.
رۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی بە زۆرینەی 10 دەنگ بەرامبەر دوو دەنگ، بڕیاری دا دەستکاریی سوودی بانکی نەکات. لە راگەیێندراوی بانکەکەدا هاتووە کە ئەوان پێویستیان بە داتای ئابووریی زیاتر هەیە تاوەکو دڵنیاببنەوە لەوەی ئاستی هەڵاوسان بەرەو ئامانجی درێژخایەنی بانکەکە کە 2٪ـیە دادەبەزێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بانکەکە لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلوولدا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا سوودی بانکی بەرزکردبووەوە. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا دوو ئەندامی لیژنەکە داوایان کردبوو سوودی بانکی 0.25٪ بەرزبکرێتەوە، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا.
بڕیارەکەی بانکی فیدراڵی لەکاتێکدایە، لە مانگی ئەیلوولدا رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرزبووەوە بۆ 3.7٪، کە لە پێشبینییە ئابوورییەکان زیاتر بوو.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن، جەنگی دژ بە ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی وزە، سیاسەتی سەپاندنی باجی گومرگی و هەڵکشانی وەبەرهێنان لە کەرتی ژیریی دەستکرددا، هۆکاری سەرەکیی بەرزمانەوەی نرخەکانن لە بازاڕەکانی ئەمریکادا.
سەرەڕای ئەوەی رێژەی بێکاری لە ئاستی 4.2٪دا بە جێگیری ماوەتەوە، بەڵام باری دارایی خێزانە ئەمریکییەکان بەهۆی گرانیی تێچووی بژێوی و پێداویستییە سەرەکییەکانەوە قورس بووە، ئەمەش وایکردووە پرسی ئابووری و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان ببێتە تەوەری هەرە سەرەکی و یەکلاکەرەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس.

.webp&w=3840&q=75)
