روودا دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە نرخی زێڕ رووی لە دابەزین کرد. ئاماژەی دژ بە یەک هەیە لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران.
پێشبینییەکان لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاش، بە بەردەوامی گوشاری لەسەر نرخی کانزای زەرد دروستکردووە.
نرخی زێر رۆژی چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.4% دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4,108 دۆلار. لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نرخی زێر هەروەها بە رێژەی 0.3% پاشەکشەی کرد بۆ نزیکەی 4,126 دۆلار. لە بەرامبەردا پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 101.80 خاڵ.
زێڕ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە زیاتر لە 1%ـی بەهاکەی لەدەستداوە و لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، نزیکەی 20٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە. نیگەرانییەکانی هەڵاوسان کە لە جەنگەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەرکی بانکە ناوەندییەکانیان ئاڵۆز کردووە. هاوکات بەرز مانەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکان وەک بەربەستێک لەبەردەم زێڕدا ماوەتەوە.
نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستەکانی پێنج مانگی رابردووی خۆی ماوەتەوە و نرخی نەوتی برینت لە نزیک 110 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەرپرسانی ئێرانی رەتیان کردووەتەوە کە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکەن، تاوەکو مەرجەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
لێدوانەکانی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە رۆژی هەینی رابردوو، نەبوونەتە هۆکار بۆ گۆڕینی پێشبینییەکان لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەم دوو مانگەی ساڵدا. لەبەر ئەوەی هەڵاوسان هێشتا لە سەرووی ئاستی ئامانجکراوی 2%ـی بانکەکەیە، بازرگانان ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود پێش کۆتایی ئەمساڵ بە نزیکەی 85% دەخەمڵێنن.


.png&w=3840&q=75)
