رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی تورکیا رۆژی یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026 رایگەیاند وڵاتەکەی پشکێک لەو گازوایلە بەدەستدەهێنێت کە رووسیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات.
ئالپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد رێککەوتنەکەی واشنتن و مۆسکۆ گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەی تورکیا هەیە.
ئەنقەرە بۆ دابینکردنی بەشێکی گەورەی پێداویستییەکانی وزە پشت بە رووسیا، ئێران و ئازەربایجان دەبەستێت؛ هاوکات لە هەوڵی ئەوەشدایە لە رێگەی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانی دیکە، سەرچاوەکانی وزەی خۆی هەمەچەشن بکات.
وەزیری وزەی تورکیا لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، "لە مانگەکانی رابردوودا و لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکان، رووسیا هەناردەکردنی گازوایلی سنووردارکرد، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە رێککەوتن لەگەڵ ترەمپ، و لە رێگەی ئەو گفتوگۆیانەی ئەنجاممان دان، پشکێک لەو گازوایلە بۆ تورکیا مسۆگەر دەکەین."
وەزیری وزەی تورکیا وردەکاریی زیاتری لەبارەی بڕەکەی ئاشکرا نەکرد.
هاوکات بایراکتار ئاشکرای کرد تورکیا پلانی هەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2028دا دووەمین سەکۆی سەرئاوکەوتووی بەرهەمهێنانی گاز بخاتە گەڕ، روونیکردەوە سەکۆیەکە کۆی بەرهەمهێنانی رۆژانەی گازی تورکیا لە دەریای رەشدا بۆ 45 ملیۆن مەتر سێجا بەرزدەکاتەوە.


