رووداو دیجیتاڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێ، گەڕان بەدوای نەوت و گازی سرووشتی لەسەر زەوی و دەریا بەردەوامە و ئاماژەی بەوەش کرد کە "دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا موژدەیەکی نوێ لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوتی گابارەوە رابگەیێنین." ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا کە بۆ بەشداری لە هەفتەی وزەی رووسیا لە مۆسکۆیە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند، سەرەڕای قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی بازاڕی وزەی جیهان، تورکیا هیچ کێشەیەکی لە ئاسایشی وزەدا نییە و سیاسەتی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە پەیڕەو دەکات. بایراکتار گوتی: "گەڕان بەدوای نەوت و گازی سرووشتی لە دەریا و لە وشکانیدا بەردەوامە. بەرهەمهێنانی نەوت لە گاباریش بەشێکی گرنگی ئەم کارانەیە." وەزیری وزەی تورکیا بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی کارەکان لە گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، گوتی: "پشتیوان بەخوا لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتوانین موژدەیەکی نوێ لە گابارەوە بدەین." وەزیری وزەی تورکیا باسی لەوەشکرد کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2023ـەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی گازی ساکاریا لە دەریای رەش کردووە و گوتی: "بەرهەمهێنانمان لە دەریای رەش بۆ 7.5 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا بەرز دەبێتەوە. ئەمە لە سفرەوە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دوو هێندە دەبێت. لە ساڵی 2028ـدا ئەم رێژەیە چوار هێندە زیاد دەکات." بایراکتار جەختی لە گرنگیی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە کردەوە و رایگەیاند، تورکیا ئامانجیەتی سوود لە هەموو سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە، وزەی ئەتۆمی، خەڵووزی ناوخۆیی، نەوت و گازی سرووشتی وەربگرێ. لە کێڵگە نەوتییەکان چیای گابار لە پارێزگای شرنەخ 176 بیری نەوت هەن کە بەرهەمهێنانی نەوت تیایاندا بەردەوامە. بەپێی ئاماری فەرمی، رۆژانە نزیکەی 84 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن. ئەمەش دەکاتە نزیکەی 44٪ کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە نێوخۆی تورکیا.