رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی دارایی دانەگاز، کۆمپانیاکە لە 9 مانگی سەرەتای 2026دا 152 ملیۆن دۆلار (558 ملیۆن درهەمی ئیماراتی) قازانجی پوختەی کردووە، کە 48% زیاترە لە 103 ملیۆن دۆلاری هەمان ماوەی ساڵی 2025، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە 6% بۆ 55,800 بەرمیل هاوتای نەوت لەرۆژێکدا زیادیکردووە.
هەر لە هەمان ماوەدا پشکی دانەگاز لە بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە رۆژانە 42,300 بەرمیل هاوتای نەوت، دوای ئەوەی پرۆژەی KM250 توانای پرۆسێسکردنی گازی کێڵگەی کۆرمۆری 50% زیاد کرد، هەرچەندە بەرهەمهێنان بەهۆی جەنگی ئێران بە کاتی راگیرا.
بەپێی راپۆرتەکە، قەرزەکانی کۆمپانیاکە زیادیکردووە بۆ دوو هێندە و پشکی دانەگاز لە قەرزەکانی لای حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گەیشتووەتە 189 ملیۆن دۆلار.
قازانج و داهات لە نۆ مانگی 2026 دا
لەو نۆ مانگەدا دانەگاز 377 ملیۆن دۆلار داهاتی گشتی هەبووە، بەراورد بە 255 ملیۆن دۆلار لە نۆ مانگی 2025، واتە داهاتەکەی بەرێژەی 48% زیادی کردووە. ئەم داهاتە 48 ملیۆن دۆلاری یەکجاری لەخۆدەگرێت، کە پشکی 35%ی دانەگازە لە پسوولەیەکی زیادەی کۆمپانیای پێرڵ پێترۆلیۆم بۆ راستکردنەوەی پێوانەکردنی گاز لە تشرینی دووەمی 2018 تاوەکو ئاداری 2024 لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی راپۆرتەکە، بەبێ ئەو بڕە یەکجارییە داهات 329 ملیۆن دۆلار بووە، بە زیادبوونی 74 ملیۆن دۆلار یان 29% و قازانجی پوختەش لەو نۆ مانگەدا 104 ملیۆن دۆلار بووە. راپۆرتەکە دەڵێت قازانج کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بەرزبوونەوەی تێچوو دوای تەواوبوونی پرۆژەی KM250، لەوانە تێچووی کارپێکردن و دارایی، لەگەڵ پچڕانی کاتیی بەرهەمهێنان.
بەپێی دابەشکاریی جوگرافیی راپۆرتەکە، داهاتی دانەگاز لە هەرێمی کوردستان 261 ملیۆن دۆلار بووە، بەراورد بە 159 ملیۆن دۆلار ساڵی رابردوو و قازانجی سەرەتایی هەرێمی کوردستان 182 ملیۆن دۆلار بووە، بەراورد بە 101 ملیۆن. تێچووی کارپێکردن لە هەرێمی کوردستان 79 ملیۆن دۆلار بووە، بەراورد بە 58 ملیۆن.
وردەکاری بەرهەمهێنان و کارکردن
لە نۆ مانگدا دانەگاز 15.2 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتی بەرهەمهێناوە، واتە رۆژانە 55,800 بەرمیل، کە 6% زیاترە لە 52,650 بەرمیلی هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
پشکی 35%ی دانەگاز لە بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان 5% زیادی کردووە بۆ رۆژانە 42,300 بەرمیل هاوتای نەوت، بەراورد بە 40,300 بەرمیل. لە چارەکی سێیەمدا بەرهەمی هەرێمی کوردستان 18% زیادی کردووە بۆ رۆژانە 47,550 بەرمیل، کە بۆ 92 رۆژ دەکاتە 4.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.
پرۆژەی KM250 لە کێڵگەی کۆرمۆر توانای پرۆسێسکردنی گازی 50% زیاد کردووە بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا و فرۆشتنی بازرگانیی گاز بەپێی رێککەوتنی دووەمی فرۆشتنی گاز لە 15ی تشرینی یەکەمی 2025ەوە دەستیپێکردووە.
پێرڵ رێککەوتنێکی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆ کردووە بۆ دابینکردنی 100 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک، بۆ ساڵێک. رادەستکردنی گاز لە 4ی ئاب دەستیپێکرد، لە 9ی ئاب بۆ پاککردنەوەی بۆری وەستا و دواتر بە پچڕپچڕی بەردەوام بوو. بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، ئەم هەفتەیە رادەستکردن دەستیپێکردەوە.
لە کێڵگەی گازی چەمچەماڵ، بەرنامەی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی سەرەتایی بە 160 ملیۆن دۆلار بەردەوامە. لێدانی بیر پێش کۆتایی 2026 دەستپێدەکات و یەکەم بەرهەمی گاز بۆ سەرەتای 2028 دیاری کراوە. رێککەوتنی فرۆشتنی تا 170 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا لەگەڵ کڕیارانی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە.
راگرتنی بەرهەمهێنان بەهۆی جەنگ
بەپێی راپۆرتەکە، لە 28ی شوباتی 2026، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێرڵ کارەکانی بەرهەمهێنانی لە کۆرمۆر بە کاتی راگرت، بەڵام بەرهەمهێنان لە نیساندا دەستیپێکردەوە.
راپۆرتەکە دەڵێ، لە 17ی تەممووزیشدا بەشێکی کارەکان بەهۆی هەڕەشەی ئەمنی و تێکچوونی دۆخی ناوچەکە وەستێنران و لە 27ی تەممووزەوە بە قۆناخ دەستیان پێکردەوە. راپۆرتەکە بڕی زیانی ئەم راگرتنانەی بە ژمارە دیاری نەکردووە.
قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەپێی راپۆرتەکە، پشکی دانەگاز لەو پارەیەی لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە 156 ملیۆن دۆلار بووە، کە 73%ی داهاتی ماوەکەیە بەبێ بڕە یەکجارییەکە. کۆی پارەی وەرگیراوی کۆمپانیاکە 230 ملیۆن دۆلار بووە، کە 74 ملیۆنی لە میسرەوە بووە.
پشکی دانەگاز لە قەرزی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەیلوولدا 189 ملیۆن دۆلار (693 ملیۆن درهەم) بووە، بەراورد بە 80 ملیۆن دۆلار لە کۆتایی 2025 و 48 ملیۆن دۆلاری پسوولەی پێوانەکردن لەخۆدەگرێت.
بەپێی راپۆرتەکە، وردبینییەک لە تەممووزی 2019 دەریخست پێوەرێکی کۆرمۆر لە تشرینی دووەمی 2018ەوە بڕی گازی رادەستکراو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی 5.9% زیاتر تۆمار کردووە و بەهای گەرمیی گازەکەش کەمتر تۆمار کراوە. لە چارەکی یەکەمی 2026دا راوێژکاری سەربەخۆ OGC Greenworld دیاریکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تشرینی دووەمی 2018 تاوەکو ئاداری 2024، 188.7 ملیۆن دۆلار کەمتر پارەی داوە، کە پشکی دانەگاز 66 ملیۆن دۆلارە. پێرڵ لە ئاداری 2026 پسوولەی ئەو بڕەی دەرکرد، بەڵام تا 30ی ئەیلوول نەدراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوەی بۆ دەکات. پێرڵ دەڵێ، بڕەکە بەپێی گرێبەست شایەنی پێدانە و چاوەڕێ دەکات بە تەواوی وەریبگرێتەوە.
هەروەها پێرڵ 21 ملیۆن دۆلار (پشکی دانەگاز) سوودی دواکەوتنی پارەدانی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان پسوولە کردووە، کە 19 ملیۆنی کاتی دانەوەی تێپەڕیوە. قەرزی بازرگانیی کۆمپانیاکە کە زیاتر لە 120 رۆژ دواکەوتووە، لە 39 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 91 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.
کۆمپانیای ئێرنست ئەند یەنگ، کە پێداچوونەوەی بۆ راپۆرتەکە کردووە، سەرنجی تایبەتی خستووەتە سەر پسوولەی پێوانەکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. دانەگاز دەڵێت بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی کاتی پارەدان و کەمکردنەوەی قەرزەکان..




