رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلی بارانبارین نرخی نەوتی لە هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە. نەوتفرۆشێک لە سلێمانی دەڵێ، تەنیا لەم دوو رۆژەدا نرخی بەرمیلێک 30 هەزار دیناری چووەتەسەر.
ئەمڕۆ شەممە 07ـی تشرینی دووەم، عەلی ئەحمەد، نەوتفرۆش لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "بەهۆی بارانبارینی ئەم چەند رۆژەوە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی گەیشتووەتە 320 هەزار دینار، لە کاتێکدا رۆژی چوارشەممەی رابردوو، نرخەکەی 290 هەزار دینار بوو."
ئەو نەوتفرۆشە گوتی، "بڕیارەکەی هەفتەی رابردووی حکومەتی عێراق بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نرخی نەوتی لە 330 هەزار دینار بۆ 285 هەزار دینار دابەزاند، بەڵام ئەو شەپۆلە سەرمایەی دوو رۆژە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە هۆکار بووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نرخەکەی بەرز ببێتەوە."
نرخی بەرمیلێک نەوت بە 320 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.
سەبارەت بە خواستی هاونیشتمانییان، ئەو نەوتفرۆشە گوتی، "هاونیشتمانییان نازانن چ کاتێک دابەشکرنی نەوت دەگاتە سەنتەری شارەکان، بۆیە ناچارن نەوتی بازرگانی بکرن، ئەمەیش وایکردووە نرخەکە لەم دوو رۆژی بارانبارینەدا 30 هەزار دینار بەرزببێتەوە."
هەر ئەمڕۆ شەممە ئەیوب ئیسماعیل، نەوتفرۆش لە هەولێر بە رووداوی گوت، "نرخی بەرمیلێک نەوت لە مەیدانی نەوتفرۆشان 310 هەزار دینارە و تاوەکو دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان 330 هەزار دەکەوێ."
ئەو نەوتفرۆشە گوتی، "پێش چوار رۆژ، نرخی بەرمیلێک دابەزی بۆ 295 هەزار دینار، بەڵام هاتنی شەپۆلی سەرما وای کردووە هاونیشتمانییان ناچاربن بۆ خۆگەرمکردنەوە نەوت بکڕن."
هەروەها ئەیوب ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد، "هاونیشتمانییان چاوەڕێی دابەشکردنی نەوتن بەڵام ئەو بڕە نەوتەی بریارە ئەم هەفتەیە بگاتە هەرێمی کوردستان تەنیا بەشی ناوچە شاخاوییەکان دەکات، بۆیە هاونیشتمانییان نەوتی بازرگانی دەکڕن."
هاوکات، رێبین حەیدەر، نەوتفرۆش لە هەڵەبجە بە رووداوی گوت، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی تاوەکو دەگاتە بەردەم ماڵی هاونیشتمانییان 320 هەزار دینار دەکەوێ.



