رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکەی حکومەتی عێراق تایبەت بە دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار تیکتی گەشتە ئاسمانییەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای مونلاین دەڵێ، تیکتێک پێشتر بە ملیۆنێک و 132 هەزار دینار بووبێت، ئێستا بۆ ملیۆنێک و 550 هەزار بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026 رێبین خەسرەو، بەڕێوەبەری گشتیی (کۆمپانیای مونلاین) بە رووداوی گوت، "مامەڵەی ئێمە لەگەڵ هاونیشتمانییان بە دینار بوو و پێشتر دۆلارمان بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق واتە 132 هەزار دینار دەگۆڕییەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ 152 هەزار دینار نرخی سەرجەم تیکتەکان بەرزبوونەتەوە."
رێبین خەسرەو روونیکردەوە، پێشتر ئەگەر تیکتی گەشتیاری وڵاتێک نرخەکەی 1000 دۆلار بووبێت، بۆ هاونیشتمانییان بە 132 هەزار دینار دەشکێندرایەوە و دەیکردە ملیۆنێک 320 هەزار دینار، بەڵام ئێستا هەمان تیکت نرخەکەی بووەتە ملیۆنێک و 550 هەزار دینار.
سەبارەت بەوەی پار لەم کاتەدا نرخ چۆن بوو، بەڕێوەبەری موونلاین گوتی، "لەم کاتەی ساڵدا هاونیشتمانییان خواستیان لەسەر گەشتکردن نەبوو، بۆیە نرخی تیکتەکان دادەبەزی، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە نرخی تیکتەکان بەرزبووەوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە دوو شێوە نرخی دۆلاریان بۆ هاونیشتمانییان دەشکاندەوە و هەردووکیشیان نرخی تیکتەکانی بەرزبووتەوە:
- بەشێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان دۆلاریان بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق دەگۆڕییەوە. ئێستا نرخی تیکتەکان بۆ هەر 100 دۆلارێک 22 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
- بەشێکی دیکە لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان دۆلاریان بە نرخی رۆژ دەشکاندەوە. ئێستا نرخی تیکتەکان بۆ هەر 100 دۆلار 10 هەزار بۆ 12 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ نوور عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (گرین جێت) لە هەولێر بە رووداوی گوت، "پێشتر بە نرخی رۆژ دۆلارمان بۆ گەشتیاران دەگۆڕییەوە، بەڵام بەهۆی دەستکاریکردنی بەهای دینارەوە نرخی تیکتەکان بۆ هەر 100 دۆلار 12 هەزار بەرزبووەتەوە."
سەبارەت بە نرخی ئێستای تیکتەکان، نوور عەلی گوتی، "بۆ نموونە، 10 رۆژی رابردوو ئۆفەرێکمان هەبوو تیکتی ئیستەنبووڵ بە هێڵی ئاسمانیی (ئەی جێت) نرخەکەی 384 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا هەمان تیکت نرخەکەی بەرزبووەتەوە بۆ 414 هەزار دینار."
بەشێک لە کۆمپانیاکان نرخیان بەرز نەکردووەتەوە
ئەمڕۆ شەممە لاوەند مەمووندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهیچ شێوەیەک نرخمان بەرزنەکردووەتەوە، نرخەکان هاوشێوەی پێشوون و بۆ بەشێکی گەشتەکان داشکاندنی تایبەتیشمان کردووە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فلای ئەربیل، ئێستا نرخی تیکتی گەشتێک لە وڵاتانی ئەورووپاوە بە شێوەی راستەوخۆ بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 199 یۆرۆیە، هەروەها چوون و گەڕانەوە لە 330 یۆرۆوە دەست پێدەکات.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بەهای فەرمیی فرۆشتنی دۆلار دەستکاری بکات، کە لە رۆژی 07ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەها نوێیەکان بە ئەم شێوەیە دیاری کراون:
کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی: 1,500 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,300 بوو).
فرۆشتن بە بانکەکان: 1,510 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,310 بوو).
فرۆشتن بە هاووڵاتییان: 1,520 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,320 دینار بوو).


