رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فیدراڵی پلانێک دادەنێت بۆ ئەوەی 100 دۆلار لە بازاڕدا بە 155 هەزار دینار جێگیر بکات؛ گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی پێیوایە بەشداریی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە سیستمی ئەسیکۆدا و مامەڵەکردن بە دینار، لەنێو ئەو پاڵنەرانەن کە وادەکەن بەهای دینار بەرز ببێتەوە.
ئەو هەنگاوەی حکومەتی فیدراڵی لە میدیای فەرمیی عێراقەوە لەسەر زاری حەیدەر عەبدووی، گوتەبێژی حکومەتەوە بڵاوکرایەوە.
حەیدەر عەبوودى رایگەیاند، پلانێکی حکومەت و بانکی ناوەندی هەیە بۆ ئەوەی بەهای 100 دۆلار لە بازاڕی ناوخۆدا بگەیێنێتە 1550 هەزار دینار و ئەو پلانە بۆ ئەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە ئەو بەهایەی دینار.
بەهای فەرمیی دینار بەرامبەر بە 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار دیاریکراوە، بەڵام لە بازاڕدا بەهاکەی زیاتر لە 165 هەزار دینارە.
حەیدەر عەبدووی رایگەیاند، ئەو ڕێکارە بۆ پلانی بەرزکردنەوەی بەهای دینار لە بازاڕدا، پشت بە یەدەگی بانکی ناوەندی دەبەستێت بۆ پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی بە شێوەیەکی گونجاو، بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاوردەکردن.
لە 6ـی تشرینی یەکەمەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە 100 دۆلار لە 130 هەزار دینارەوە بکرێتە 150 هەزار دینار.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕدا بەبێ چەند هەنگاوێک نایەتەدی، لەوانە: زیادکردنی مامەڵە بە دینار، سوودمەندبوونی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە دۆلاری بانکی ناوەندی لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا کە تاوەکو ئێستا 20%ـیان سوودمەند دەبن، هەروەها کەمکردنەوەی رسووماتی کارتی بانکی و پابەند بوون بە رێکارەکانى بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە فرۆشتنى دۆلار تاوەکو ناردنى دۆلار بۆ عێراق بەردەوام بێت".

