رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە؛ پرسی مووچە، بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆسیەی نەوت و نەوتی سپیی ماڵان تاوتوێ کران. بە گوتەی پەرلەمانتارێکی پارتی، زەیدی پێی راگەیاندوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی نابێت و بەردەوام دەبێت، نەوتی سپیی ماڵانیش بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
زیرەک زێباری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو و رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە زۆر باش و ئەرێنی بوو، هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەرامبەر پرسەکان زۆر باش بوو."
مووچە و شایستە داراییەکان لە بودجەدا
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی فراکسیۆنی پارتی باسیان لەوە کرد، پشکی ئێستای هەرێمی کوردستان لە بودجەدا کەمە و نادادییەکی زۆری تێدایە. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێندرێت بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە.
سەبارەت بە پشکی 12.67%ی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، زیرەک زێباری گوتی، "لاریمان لەوەدا نەبوو کە پشکی هەرێمی کوردستان 12.67% بێت، بەڵام بەو مەرجەی مووچە لە چوارچێوەی خەرجیی فیعلی دەربهێندرێت."
زیرەک زێباری ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامدا بەڵێنیدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بێت و هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبێت."
دۆسیەی نەوت و پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە پرسی نەوت بوو؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی، لیژنەیەکی هەمیشەیی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی خۆی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا پێکبهێندرێت، بە جۆرێک هەفتانە راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆسیەکە و هەنگاوەکان پێشکێش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت.
ناردنی نەوتی سپیی ماڵان
پرسی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئەوەی کردووە، دوێنێ بڕیاری داوە وەزیری نەوتی عێراق نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام کاتێک فراکسیۆنی پارتی باسیان لە کەمبوونی ئەو بڕە تەرخانکراوە کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و بڕی نەوتی سپی زیاتر بنێردرێت.
دوای لێدوانەکەی زیرەک زێباری، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین پرسی هاوبەش تاوتوێ کران، لە سەروویانەوە پرسی خزمەتگوزارییەکان، پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر چەند بڕگەیەکی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، زەیدی داوای لە پەرلەمانتاران کرد رۆڵی یاسادانان و چاودێریی خۆیان بگێڕن و بەشداربن لە پەسندکردنی یاسا گرنگ و بنەڕەتییەکاندا.
سەرۆکوەزیران جەختی لە پەرۆشیی حکومەت کردەوە بۆ دابینکردن و گەرەنتیکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لەگەڵ کارکردن بۆ داڕشتنی ناسنامەیەکی روون بۆ ئابووریی عێراق بەپێی دیدگایەکی گەشەپێدەری پێشکەوتوو.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پشتیوانیی فراکسیۆنەکەی بۆ هەوڵ و سیاسەتە چاکسازییەکانی حکومەت لە بوارە جیاوازەکاندا دەربڕیوە و ئاماژەی بە پابەندیی هەرێمی کوردستان بە دەستوور و یاساکان کرد لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری.


