رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بڕیارەکەی بەغدا بۆ لابردنی باجی گومرگی لەسەر خۆراک و دەرمان هەنگاوێکی گرنگە و رێگری دەکات لەوەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەریی گەورە لەسەر بژێویی هاووڵاتییان دروستبکات؛ هاوکات بازرگانانی سلێمانی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دابەشکردنی هەزاران سەبەتەی خۆراک بەسەر هەژاراندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ لێخۆشبوونی گومرگیی لەسەر هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە نیگەرانین لە گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان، بەڵام ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق زۆر باشە، چونکە خۆراک و دەرمان پێداویستیی رۆژانەی زۆرینەی خەڵکن و بڕیارەکە وادەکات نرخەکانیان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز نەبێتەوە."
شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا سەرجەم خۆراک و دەرمانە هاوردەکراوەکان لە رسووماتی گومرگی ببەخشێت، بڕیارەکەش بە شێوەیەکی کاتی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئارام بابان ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی بازرگانەکانیان لە رێگەی سیستەمی ئەسیکۆداوە مامەڵە دەکەن و لەم بڕیارە سوودمەند دەبن. گوتیشی: "دوێنێ لە کۆبوونەوەی نێوان ئیدارەی سلێمانی، ژووری بازرگانی و بازرگاناندا گفتوگۆمان لەسەر رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان کرد؛ ژمارەیەک لە بازرگانان ئامادەییان دەربڕیوە کە لەگەڵ جێگیرکردنی نرخەکان، هەزاران سەبەتەی خۆراکیش بە شێوەیەکی بێبەرامبەر بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا دابەش بکەن، وەک چۆن لە کاتی کارەسات و لافاوەکانی پێشوودا هاوکار بوون."
سەبارەت بە شێوازی هاوردەکردن لە دەروازەکان، ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی روونیکردەوە کە زۆربەی بازرگانان هەوڵدەدەن لە دەروازەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە کەلوپەل بهێنن، چونکە باج و گومرگی فەرمی دەدەن، بەڵام ئەو کاڵایانەی لە رێگەی تورکیاوە دێنە هەرێمی کوردستان، باج و گومرگەکەیان بە نرخی دۆلاری رۆژ لە بازاڕدا لێ وەردەگیرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی تێچووی کاڵاکان لەسەر هاووڵاتییان.
