رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، زەیتوون لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ بگاتە نزیکەی 25 هەزار تۆن.
قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمهێنانی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان لە گەشەکردندایە و بووەتە یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکانی کەرتی کشتوکاڵ؛ پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ بەرهەم بگاتە نزیکەی 25 هەزار تۆن، لە کاتێکدا پار نزیکەی 18 هەزار تۆن بووە."
سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستیی بازاڕ، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "بەرهەمی ناوخۆ تا رادەیەکی زۆر پێویستیی بازاڕەکان پڕدەکاتەوە و بەشێکیشی هەناردەی وڵاتانی کەنداو و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت، بەڵام هاوکات لە وڵاتانی وەک سووریا، تورکیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیاوە زەیتوون هاوردە دەکرێت."
دهۆک لە پلەی یەکەمدایە
بەگوتەی قارەمان قادر، پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە رووی رووبەری باخەکان و ژمارەی کارگەکانەوە لە پلەی یەکەمدا دێت، بەدوای ئەویشدا پارێزگاکانی هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر و ئیدارە سەربەخۆکانی وەک سۆران پێشکەوتنی بەرچاویان لەم بەرهەمەدا بەدەستهێناوە.
داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەریدەخەن کە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، نزیکەی 54 هەزار دۆنم باخی زەیتوون هەن، زیاتر لە 4 ملیۆن دار زەیتوون چێنراون.
لە باخەکانی هەرێمی کوردستاندا چەندین جۆری زەیتوون بەرهەم دەهێنرێن؛ لەوانە جۆرە خۆماڵییەکانی وەک (سۆرانی، خزیری، بەلەدی، خستاوی و بەعشیقی)، لەگەڵ جۆرە جیهانییەکانی وەک: ئاربیکوینا، پیکوال، کۆرۆناکی، هۆخی، بلانکا، نیپالی، و k18. هەروەها لە باخە نوێیەکانیشدا جۆرەکانی وەک (عەفرینی، بێشیکۆ، خەڵخالی، پیکول رێد، و کاراتکین) پەرەیان پێدراوە.
بەرهەمهێنانی 800 تۆن زەیتی زەیتوون
سەبارەت بە پیشەسازیی گوشینی زەیتوون، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا 7 کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون کار دەکەن و ساڵانە نزیکەی 800 تۆن زەیتی سرووشتیی زەیتوون بەرهەم دەهێنن.

