رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ لە دەوروبەری 4,160 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بە جێگیری مایەوە.
ئەمە دوای ئەوە دێت کە جۆن ویلیامز، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لقی فیدراڵیی نیویۆرک ئاماژەی بەوە کرد کە لەوانەیە جارێکی دیکە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەم ساڵدا گونجاو بێت، بەڵام ویلیامز رایگەیاند کە رەنگە ساڵی داهاتوو پێویست بە هیچ بەرزکردنەوەیەکی سوودی بانکی نەکات و ئەوەش تاڕادەیەک دابەزینی نرخی زێڕی سنوورداردکردووە.
بازرگانان ئێستا چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکان بۆ وەرگرتنی ئاماژەی نوێ سەبارەت بە ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی بانکی ناوەندی.
نرخی زێڕ ئەمرۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 4160 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
زێڕ لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 0.8%ـی بەهاکەی لەدەستداوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە پەرەسەندنی هێرشەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسییەکانی پەککەوتنی زیاتری خستنەڕووی وزە زیاد کردووە و نیگەرانی لەبارەی بەردەوامیی هەڵاوسان دروستکرد.
نەوتی خاوی برێنت لە سەرووی 106 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش ترسی ئەوەی دروستکردووە کە بەرزبوونەوەی تێچووی وزە هەڵاوسان زیاتر بەرزبکاتەوە.
جۆن ویلیامز رایگەیاندووە بە پێویستی دەزانێت تەنیا یەک جاری دیکە لەمساڵدا رێژەی سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە، بەڵام پێشبینی ناکات لە ساڵی 2027دا هیچ هەنگاوێکی دیکە بۆ تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی بنرێت. لێدوانەکانی ناوبراو هاوکار بوون لە کەمکردنەوە و سنووردارکردنی دابەزینەکانی نرخی زێڕ، بەتایبەت کە هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا.


