رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بۆ کەمتر لە 3,950 دۆلار دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی لە مامەڵەکانی دوێنێدا گەورەترین بەرزبوونەوەی رۆژانەی لە ماوەی دوو مانگدا تۆمارکرد.
گەشبینی بە پێشکەوتنی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران، دوێنێ هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ بوو، بەڵام ئەمڕۆ نرخی زێڕ کاریگەری رووداوە جیۆسیاسییەکانی پێوەدیارە و نیگەرانییەکان زیادبوون سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی جەنگ، دوای ئەوەی ئەمریکا شەوی رابردوو هێرشی کردە سەر دوورگەی قشم لە ئێران.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە نەیتوانی پارێزگاری لە ئاستی 3950 دۆلار بکات و دابەزی بۆ نزیکەی 3925 دۆلار.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دوێنێ رایگەیاند، حکومەتەکەی لەلایەن رێبەری باڵای وڵاتەکەیەوە دەسەڵاتی فراوانتری پێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستاندنەکانی ئاشتی. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ئاماژەی بە پێشکەوتنی گفتوگۆکان کرد، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی زیاتر لە 7% لە نرخی نەوتی برێنت، هەرچەندە ئەمڕۆ نرخەکانی نەوت دووبارە روویان لە بەرزبووەنەوە کردووە.
جەنگی 9 مانگەی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی وزە و هەڵکشانی هەڵاوسان، گوشاری خستووەتە سەر بانکە ناوەندییەکان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی. زێڕ لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەڕێژەی 6.8% دابەزی بۆ خوار ئاستی 4,000 دۆلار.
چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا کاریگەریی بەرچاو لەسەر جووڵەی داهاتووی نرخەکان دابنێت. وەبەرهێنەران چاودێریی ئەوە دەکەن کە ئایا گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیدا سەرنجەکان دەگێڕێتەوە بۆ سەر پرسی کورتهێنانی دارایی و هەڵاوسانی ئەمریکا یاخود نا. ئەمەش دەتوانێت پێگەی زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکان ببووژێنێتەوە.
هاوکات ئاماژە تەکنیکییەکان و خواستی فیزیکی لەسەر زێڕ پاڵپشتی لە نرخەکان دەکەن. بەپێی شیکارییەکانی بانکی (ANZ)، کڕیاران لە چین لە کاتی دابەزینی نرخەکاندا کڕینی زێڕیان زیاد کردووە، هەرچەندە سەرهەڵدانەوەی پێکدادانە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک مەترسییەکی سەرەکی لەسەر نرخی زێڕ دەمێنێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

