رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوو بایی زیاتر لە 531 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە ترانزێت کراوە و بەوەش، ئەو دەروازە سنوورییە وەکو دووەمین ناوەندی ترانزێت لە ئێران دەستنیشان کرا.
داریوش سادقی، رۆژی شەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە 21-03-2026ـەوە تاوەکو 21-09-2026 واتە لە ماوەی شەش مانگدا، زیاتر لە 875 هەزار تۆن کاڵا لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە ترانزێت کراوە.
داریوش سادقی گوتی، بەهای ئەو کاڵایانەی لە دەروازە سنوورییەکەوە ترانزێت کراون، زیاتر لە 531 ملیۆن و 227 هەزار دۆلار بووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای کرماشان، بەرهەمە نەوتییەکانی وەکو گازواییل، نەفتا، قیر و بەنزین، هەروەها کاڵاکانی وەکو کەرەستەی بیناسازی، شەکر و کارتۆن بەشی هەرە زۆری ترانزێتەکە پێکدەهێنن.
سادقی ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا رۆژانە بە شێوەیەکی مامناوەند 253 بارهەڵگر لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان، خەریکی گواستنەوەی بار و کاڵای ترانزێتن.
دەروازەی سنووریی پەروێزخان، پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی پارێزگای سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە.
دەروازە نێودەوڵەتییەکە یەکێک لە کاریگەرترین و قەرەباڵخترین دەروازە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و رۆڵێکی گەورەی لە ئاڵۆگۆڕی بازرگانیدا نێوان هەردوو لایەندا دەگێرێت.


