رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق دەڵێ، بەپێی دوایین رووپێوی خێزانی، رێژەی هەژاری لە عێراق و باشووری کوردستان تێکڕا بۆ 16% دابەزیوە؛ هاوکات هۆکارەکانی بێکاری لەنێو گەنجاندا بۆ کەمیی دەرفەت لە کەرتی تایبەت و نەگونجانی پسپۆڕیی زانکۆکان لەگەڵ بازاڕی کار گەڕاندەوە. رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، زیا عەواد کازم، سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی ئەنجامەکانی رووپێوی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خێزان لە عێراق، رێژەی هەژاری بۆ 16% دابەزیوە." بە گوێرەی ئاماری دەستەی ئامار، رێژەکە لە ساڵی 2022دا 25٪ بووە. بەپێی ئامارەکە، موسەننا بەرزترین رێژەی هەژاریی تێدا تۆمارکراوە و هەولێریش کەمترینە. ریزبەندییەکە بەمجۆرەیە: - موسەننا: 43.6% - بابل: 34.4% - دیوانییە: 28.9% - بەسرە: 27.9% - نەجەف: 25.2% - واست: 19.5% - کەربەلا: 18.2% - سەڵاحەدین: 17.4% - میسان: 16.3% - دیالە: 15.8% - زیقار: 15.0% - ئەنبار: 14.2% - نەینەوا: 13.0% - بەغدا: 12.5% - کەرکووک: 9.5% - دهۆک: 8.7% - سلێمانی: 7.9% - هەولێر: 5.9% سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق روونیکردەوە کە ئەم دابەزینە ئەنجامی هەوڵەکانی دەوڵەتە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و دەڵێت: "ئەم داتایە سەرکەوتنی بەرنامەکانی حکومەت لە بەئامانجگرتنی راستەقینەی ئەو کەسانە دەسەلمێنێت کە شایستەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتین، ئەمەش لەسەر بنەمای میکانیزمی پشتبەستوو بە داتای ئاماریی نوێ ئەنجامدراوە." زیا عەواد کازم ئاماژەی بەوە کرد کە بێکاری هێشتا لەنێو گەنجان بەرزە و چەند هۆکارێکیشی باسکرد، لەوانە "پاشەکشەی دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەت، هەمەچەشننەبوونی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان و پێداگریی زۆری گەنجان لەسەر دامەزراندن لە کەرتی گشتی." سەرۆکی دەستەی ئامار باسی لەوە کرد کە پێویستە رەچاوی گونجاندنی پسپۆڕیی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لەگەڵ پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی بازاڕی کار بکرێ. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە دۆسیەی ئاماردا، سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق گوتی: "هاوبەشیی نێوان دەستەی ئاماری فیدراڵی و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە یەکێک لە باشترین هاوبەشییەکانی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت دادەنرێ. ئەم پەیوەندییە جوانترین وێنەی هاوئاهەنگی و هاوکارییە بۆ دابینکردنی داتا و نیشاندەرە نیشتمانییەکان، کە گوزارشت لە دۆخی گشتیی عێراق لە بوارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا دەکات." زیا عەواد کازم ئاماژەی بەوە کرد، کاری ئامار لە وڵاتدا وەرچەرخانێکی چۆنایەتیی بەخۆیەوە بینیوە و روونیکردەوە: "ئێستا ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد و سیستمەکانی زانیاریی جوگرافی بەکاردەهێنرێن، هەروەها کۆکردنەوەی داتاکان لە رێگەی ئامێری تابلێتەوە ئەنجام دەدرێ کە کواڵیتی و وردیی نیشاندەرەکان دەستەبەر دەکات." گوتیشی، دەستەکەیان لە ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان و رووپێوەکاندا بە نوێترین تەکنەلۆژیا ئەزموونێکی بەرفراوانی پەیدا کردووە، هەروەها ساڵانە لە رێگەی چەندین رووپێوی خولییەوە کار لەسەر هەژمارکردنی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی و ژمێرە نەتەوەیییەکان دەکرێ بەپێی کات و خشتەی دیاریکراو.
ئابووری11-10-2026بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی کەم کردووە