رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا باج لەسەر هاوردەکردنی هێلکە و مریشک و گۆشت دوابخرێت؛ وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش، چەند رێکارێکی نوێی بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆ و دابینکردنی خۆراک راگەیاند.
ئەمڕۆ 8ـی تشرینی یەکەمی 2026 ، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا وەرگرتنی باج و رسوماتی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وەک هێلکە، مریشک و گۆشت دوابخرێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئامانج لەو بڕیارە "پشتگیریکردنە لە جێگیربوونی بازاڕەکان و دابینکردنی ئەو پێداویستییە سەرەکییانە بە نرخێکی گونجاو، بەشێوەیەک بۆ هەموو هاووڵاتییان بەردەست بێت."
هەر لەوبارەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە رێنوێنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەند رێکارێکی نوێی بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆ و دابینکردنی خۆراک و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر هاووڵاتییان راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، رێکارەکان دواخستنی وەرگرتنی باج و رسوماتی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی هێلکە، مریشک و گۆشتی زیندوو لەخۆدەگرێت. هەروەها، رێگە بە هاوردەکردنی پەلەوەر و هێلکەی خواردن دەدرێت، ئەمەش بۆ زیادکردنی بەرهەم لە بازاڕەکاندا، دروستکردنی کێبڕکێ و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخەکان.
هاوکات، وەزارەتەکە بڕیاریداوە نرخی شمەک و بەرهەمە خۆراکییە جۆراوجۆرەکان لە هەموو لقەکانی هایپەرمارکێتەکاندا کەمبکاتەوە، بۆ ئەوەی لە ئاست توانای کڕینی هاووڵاتییاندا بن، بەتایبەتی کە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بە نرخی گونجاو گرنگە.
ئەو رێکارانە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاریبکات و لە دوێنێ چوارشەممەوە کاری پێدەکرێت.
ئەو بڕیارە ناڕازییەکی زۆر جەماوەریی لێکەوتەوە و نرخی کاڵا و خۆراکی 12٪ بەرزکردوەتەوە.
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ بڕیاری بەرزکردنەوەی دۆلار، هەموو شتێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12٪ گران بووە، چونکە جیاوازیی دینارەکە ئەوەندەیە؛ هەر کاڵایەک پێشتر 100 هەزار بووبێت، دەبێتە 112 هەزار دینار. دوێنێش زیاتر لە نیوەی بازرگانانی هاوردەکار نرخەکانیان زیاد کرد و ئەوانەی دیکەش بە قۆناخ دەیکەن."
نرخی نوێی دینار و دۆلار بەمشێوەیەن:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
پێشتر نرخەکان بەمشێوەیە بوون:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1310 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک.

.jpg&w=3840&q=75)

