رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پلانی کشتوکاڵی زستانەی پەسندکرد و بڕیاریدا 4 ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکان، جگە لە هەرێمی کوردستان، وەربگیرێت. نرخی وەرگرتنی هەر تۆنێک گەنم بە 700 هەزار دینار دیاریکراوە بۆ ئەو جووتیارانەی کە رووبەری زەوییەکانیان تاوەکو 1000 دۆنمە، بەڵام بۆ سەرووی 1000 دۆنم، نرخەکە 500 هەزار دینار دەبێت.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
رۆژی چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی دا لەسەر پەسندکردنی پێشنیازی پلانی کشتوکاڵی بۆ وەرزی زستانەی (2026-2027) و دابینکردنی ئەو تۆوەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ پێشکێشی دەکات، هەروەها دیاریکردنی بڕی ئەو گەنمەی کە پێویستە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە وەربگیرێت، کە بڕەکەی (4) ملیۆن تۆنە بۆ هەموو پارێزگاکان، جگە لە هەرێمی کوردستان، تەنیا بۆ ئەو زەوییانەی کە پلانی کشتوکاڵیی وەرزی (2026-2027) دەیانگرێتەوە و سەرچاوەکانی ئاودانیان (پشتبەستن بە باران، ئاودانی رووکاری ئاسایی، ئاودان بە سیستمی نوێی ئاودێری، ئاودان لە رێگەی بیرەوە بە سیستمی نوێی ئاودێری) دەبن.
گەنم بەو نرخەی دەکڕدرێت کە ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی بڕیاری ژمارە (247ی ساڵی 2026) دیاریکردووە، کە (700) هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک بۆ هەموو بڕە گەنمی بەرهەمهاتوو لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی پەسندکراودا، بۆ رووبەری کشتوکاڵی تاوەکو (1000) دۆنم، هەرچی لەوە زیاتر بێت بە نرخی (500) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت، بە مەرجێک بڕە شایستەکان بۆ وەرگرتن بەپێی ئەو دەرامەتە دیاریکراو و جێگیرکراوە هەژمار بکرێت کە لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ژمارە (247ی ساڵی 2026)دا هاتووە.
هەروەها رەزامەندی درا لەسەر راگرتنی باجی گومرگیی زیادە بە رێژەی 35% لەسەر هاوردەکردنی پەینی یۆریا تاوەکو 28ی شوباتی 2027، هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ راسپێردرا بۆ کڕینی پەینی (داب) بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە کارگەکان.
سەبارەت بە پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان، سەرۆکوەزیران راسپاردەی داوە بە جێبەجێکردنی سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە، کە بە سەرچاوەیەکی گەورەی گەشەپێدان و ئابووری بۆ وڵات دادەنرێت.
لە بواری تەندروستیدا، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی دا لەسەر دابینکردنی 20 ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی لە داهاتی تاقیگە پزیشکییە میللییەکان، بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان و چاککردنەوەی بنکە تەندروستییەکان.
هەروەها بڕی 20 ملیار دیناری دیکەی لە بودجەی دەستەی دەستەبەری تەندروستی تەرخانکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو نەخۆشخانە حکومییانەی کە بیمەی تەندروستییان تێدا کارا کراوە.
هەروەها رەزامەندی درا لەسەر راگرتنی باجی گومرگیی زیادە بە رێژەی 35% لەسەر هاوردەکردنی پەینی یۆریا تاوەکو 28ی شوباتی 2027، هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ راسپێردرا بۆ کڕینی پەینی "داب" بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە کارگەکان.
ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی عێراقی لە رێکخراوی هاوکاریی دیجیتاڵی پەسند کرد و بۆ پەسندکردنی کۆتایی رەوانەی پەرلەمانی کرد، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی عێراق کە بە ئەندامبوون لەو رێکخراوە بە واتای داننان بە ئیسرائیل دا نایەت.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)