رووداو دیجیتاڵ لە پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵى 2027، داهاتى خەمڵێنراوى نەوتى عێراق بە 144.7 تریلیۆن دینار دیاریکراوە کە زیاتر لە چوار ئەوەندەى داهاتى ئەم ساڵە، داهاتى خەمڵێنراوى نانەوتیش 11 ئەوەندەى ئەو داهاتەیە، کە ئەم ساڵ بەدەستهاتووە. بەگوێرەی خەمڵاندنی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2027، بڕى داهاتى پێشبینیکراو بە 174 تریلیۆن و 233 ملیار و 693 هەزار دینار کراوە کە هەردوو داهاتى نەوتى و نانەوتى دەگرێتەوە. داهاتى خەمڵێنراو بۆ هەر مانگێک بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە 14.5 تریلیۆن دینارە. ئێستا خەرجى کردارى حکومەتى عێراق مانگانە زیاتر لە 11 تریلیۆن دینارە، کە 7.7 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەیە. کۆى داهاتى خەمڵێنراوى نەوتی بۆ ساڵى داهاتوو 144.7 تریلیۆن دینارە، کە مانگانە 12 تریلیۆن دینار دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە تێکڕاى داهاتى نانەوتى مانگانە بەگوێرەی راپۆرتى خەرجى و داهاتى وەزارەتی دارایی فیدراڵ، 2.8 تریلیۆن دینار بووە. هەناردەی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە پڕۆژەیاساکەدا بە 127 تریلیۆن و 20 ملیار دینار خەمڵێنراوە کە مانگانە 10.5 تریلیۆن دینار دەبێت. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ئەوە یەکەمجارە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق خەمڵاندن بۆ داهاتى نەوتى و نانەوتى بکرێت. بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە داهاتى نانەوتى بۆ ساڵى 2027 بە 29 تریلیۆن و 513 ملیار و 693 هەزار دینار خەمڵێندراوە، کە مانگانە زیاتر لە 2.4 تریلیۆن دینار دەکات. لە 8 مانگى یەکەمى ئەم ساڵ، داهاتى نانەوتى عێراق 10.6 تریلیۆن دینار بووە، کە تێکڕاى مانگانەی 833.3 ملیار دینار بووە. بەگوێرەی خەمڵاندنی بودجەی 2027 و راپۆرتی وەزارەتی دارایی بۆ خەرجى و داهاتى ئەم ساڵ بێت، داهاتى نەوتى خەمڵێنراو بۆ ساڵی داهاتوو بە زیاتر لە چوار ئەوەندەی بڕی ئەم ساڵ دانراوە، هەروەها داهاتى نانەوتیش 11 ئەوەندەى بڕی ئەو داهاتە زیاتر نووسراوە، جەمال کۆچەر گوتى: "ئەو ژمارەی خەمڵاندنانە راستەقینە نین".