رووداو دیجیتاڵ
"تاوەکو ئێستا رەشنووسی ئەو مادەیە دەستکاریی نەکراوە کە لە بودجەی عێراق پەیوەندی بە ماف و پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و هیچ داڕشتنێکی نوێی رێککەوتن لەسەرکراو نییە". ئەمە رستەی کۆتایی ئەو پێنج کاژێر گفتوگۆیەیە شاندی باڵا و تەکنیکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئەنجامیان دا.
ماف و پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەی بودجەی فیدراڵی 2027 لە مادەی 10دا دەستنیشان کراوە. ئەم مادەیە لە سێ بەند و 7 بڕگە و دوو خاڵ پێکهاتووە.
شاندی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تێگەیشتن لەبارەی پێداچوونەوە بە مادەکە هەیە و لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا گفتوگۆ دەکرێت. شاندەکە و شارەزایان دەڵێن، مادەکە خراپە و هەرێمی کوردستانی کۆت و دەستبەستوو کردووە.
دکتۆر ئامانج رەحیم، ئەندامی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەڵێت، "هەر بەندی یەکەمی مادەی 10، لانیکەم سێ کۆتی تێدایە کە جێگەی رەخنەی زۆری شاندی هەرێمی کوردستانە و ئەو بەندە دەبێتە گرفتێکی گەورە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان."
ئەو ئەندامەی شاندەکە دەڵێت، وەزیری دارایی فیدراڵی تێگەیشتنی بۆ مافەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بەتایبەت مووچە، بۆئەوەی بچێتە دەرەوەی بەشی حکومەت، رەنگە ببێتە بەشێک لە خەرجیی حاکیمە، هەروەها دەستکاریی خەرجیی سەروەری بکرێت.
دکتۆر ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تێگەیشتووین مووچە تا رادەیەک گەرەنتی کراوە، بەڵام ئەمەش دەبێت رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت".
رۆژی شەممە، 24ی تشرینی یەکەمی 2026، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزیری دارای فیدراڵ کۆبوونەوە، گەنگەشەی گەرمی مافەکانی هەرێمی کوردستان کرابوو، کۆبوونەوەکە پاش ئەوەبوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبووبووەوە و بڕیاریدا سەرجەم گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی (500 هەزار) و هەلی کاری نوێ (120 هەزار) بە گرێبەست لە بودجەدا جێگربکرێت.
بەرلەوەی هەر کۆبوونەوەیەک بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئابی 2026) راپۆرتی داواکارییەکانی لە بودجە بۆ عێراق ناردووە، لەو راپۆرتەدا داوایکردووە زیاتر لە 23 ترلیۆن دینار لە شایستەی خۆی لە بودجەی 2027 بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام حکومەتی عێراق لە رەشنووسەکەدا زۆر کەمتر لەو بڕەی بۆ دیاری کردووە.
بەگوێرەی رەشنووسەکە، هەرێمی کوردستان 12.7٪ی لە خەرجی راستەقینە بەردەکەوێت، ئەوەش بەگوێرەی شاندەکە واتە کەمترین بڕ کە رەنگە بەشی تەنیا مووچە نەکات (هەرێمی کوردستان داوای 14.14٪ دەکات).
بۆ نموونە، هەرێمی کوردستان 4 ترلیۆن دیناری داواکردبوو بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەمەیان کردووە بە دوو ترلیۆن دینار. حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای 11.7 ترلیۆن دیناری کردووە بۆ مووچە، هەروەها ئەوەی دیکە بۆ پێداویستی دیکە، بەمەش کەمێک زیاتر لە 23 ترلیۆن دینار، بەڵام بەگوێرەی رەشنووسی بودجەکە (خەرجی راستەقینە) نزیکەی 13 ترلیۆن دینار بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
خەرجیی سەروەریی لە عێراق یەکێکە لە خاڵە جێناکۆک و پر مشتومڕيکان، کە بەرزبووەتەوە بۆ 76 ترلیۆن دینار لە بوجەدا و بەسەر 106 بڕگە دابەشکراوە، بۆ نموونە، تەنیا بۆ بەرگری و حەشدی شەعبی لە رەشنووسی بودجەدا 16 ترلیۆن دینار نووسراوە کە دەچێتە چوارچێوەی خەرجیی سەروەریی.
لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق، شاندەکە راپۆرتێکی 13 لاپەڕەیی داوەتە حکومەتی فیدراڵ و باسی خەرجییەکان و خەرجیی سەروەری کراوە.
وەزیری دارایی فیدراڵی بەڵێنی داوە کۆبوونەوەیەکی دیکە رێکبخات تایبەت بە خەرجیی سەروەری.
یەکێکی دیکە لە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانە کە بودجەشی بۆ دیاری کردووە، کە یەک ترلیۆن دینارە، بەڵام هێشتا ئەم بابەتە رێککەوتنی لەبارەوە نەکراوە. رەشنووسێک بە وردەکارییەوە ئامادە کراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردبوو بە یەکجار پلەبەرزکردنەوەی هەموو فەرمانبەران بکرێت، (لە 2016 تاوەکو 2026)، بەڵام بەگوێرەی ئەو بودجەیەی هەیە و بەگوێرەی ئەوەی حکومەتی عێراق دایناوە، ناتوانرێت ئەمە بکرێت. ئێستا کۆنووسەکە نوسراوە بە سێ قۆناخ پلەبەرزکردنەوە ئەنجام بدرێت.
ئەم پلەبەرزکردنەوەیە هەمووان دەگرێتەوە کە لە 2016ـەوە پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە.
- ئەوانەی شایستە بوون لە 2016 تاوەکو 2020 پلەبەرزکردنەوەیان بۆ بکرێت، لە ساڵی 2027 پلەبەرزکردنەوە وەردەگرن.
- ئەوانەی لە 2020 تاوەکو 2024 شایستەی پلەبەرزکردنەوە بوون، لە ساڵی 2028 پلەبەرزکردنەوە وەردەگرن.
- ئەوانەی لە 2024 تاوەکو 2028 شایستەن بۆ ئەوەی پلەبەرزکردنەوە وەربگرن، ئەوانە لە ساڵی 2029 پلەبەرزکردنەوە وەردەگرن.
جگە لەو مافە داراییانە دوو کێشەی دیکە لە بودجە و بەتایبەت مادەی 10 هەیە، ئەویش هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و گاز و رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانە، ئەوە جگە لەوەی کە حکومەتی عێراق داوای 12.775 ترلیۆن دیناری کردووە وەکو قەرز لەسەر هەرێمی کوردستان نووسیویەتی.
وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە رۆژی چوارشەممە، 28-10-2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، بڕگەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە لەبارەی بودجە و نەوت دەبێت.
دوێنێ دووشەممە، دامەزراوەی ڤیژن گفتوگۆیەکی بۆ شاندی باڵا و تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەریی میدیایی کرد، ئێمە یەکێک بووین لە ئامادەبووانی گفتوگۆکە.

.jpg&w=3840&q=75)
