رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دامەزراوە بانکییەکانیانی لە گۆڕینی نرخی نوێی دینار بەرامبەر دۆلار ئاگادار کردووەتەوە. سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراقیش دەڵێ، ئیمەیڵ بۆ دامەزراوە بانکییەکان نێردراوە و لە بڕیارەکە ئاگادار کراونەتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری گۆڕانکاریی نوێی نرخی دینار و دۆلار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند کراوە و لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
بە گوتەی سەرچاوەکە، بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوی ئاراستەی سەرجەم بانک و کۆمپانیاکانی دراو و پارەدانی ئەلیکترۆنی کردووە. لە نووسراوەکەدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و بەپێی یاسای بانکی ناوەندیی عێراق ژمارە 56ی ساڵی 2004ی هەموارکراو، بڕیار درا بە پەسندکردنی نرخی نوێی دۆلار.
زیا تائی، سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق بە ئیمەیڵ سەرجەم دامەزراوە بانکییەکانی لەو بڕیار و گۆڕانکارییە ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە سەرجەم دامەزراوە داراییەکان کردووە کە پابەندی نرخە نوێیەکان بن، کارکردن بە نرخی پێشوو رابگرن و لە ئەمڕۆ، 7ی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە، کار بە نرخە نوێیەکان بکەن.
سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق ئەو بڕیارە بە "نەگونجاو و خراپ" دەزانێت و دەڵێت، کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕ دەبێت و هەندێک کەس ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە. هەروەها پێشبینی دەکات، "رەنگە نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ 180 هەزار دینار بەرزببێتەوە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاریبکات و لە ئەمڕۆوە کاری پێدەکرێت.
نرخە نوێیەکان بەم شێوەیەن:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نووسراوی فەرمی بۆ هەموولایەنە پەیوەندارەکان کردووە،کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە و دەڵێ "لەسەر داواکاری وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بووە و براوەتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق."
پێشتر
نرخەکان بەمشێوەیە بوون:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1300 دینار
بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1310 دینار بۆ هەر
دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1320 دینار
بۆ هەر دۆلارێک.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)