رووداو دیجیتاڵ
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی داوای روونکردنەوە لە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق دەکات لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی دیکەی عێراق.
لە نووسراوەکەدا کە رۆژی 21ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە و واژۆی فەرماد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لەسەرە، نموونە بە ناردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب هێنراوەتەوە کە چۆن بەراورد بە مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی، دواکەوتووە.
بەپێی نووسراوەکە، "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەممووزی 2026 لە رۆژی 17ـی ئابی 2026 بووە؛ هەروەها مووچەی مانگی ئابیش لە 13ـی ئەیلوولی 2026 نێردراوە، لە کاتێکدا هاوتاکانیان لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا مانگ بە مانگ مووچە وەردەگرن."
ئەو پرسیارە پەرلەمانییە پاڵپشتە بە مادەی 61 (بڕگەی حەوتەم/أ)ـی دەستوور و مادەی 29ـی یاسای پەرلەمانی عێراق، هەروەها مادەی 50ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دواکەوتنە لەگەڵ چەندین مادەی دەستووری عێراق (مادەکانی 14، 16 و 23 تاوەکو 36) و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە (224)ـی ساڵی 2023 یەکناگرێتەوە. لە کۆتایی نووسراوەکەدا داوای وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە لە وەزیری دارایی کراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا مووچەی مانگی رابردووی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە.
ئەمڕۆ لە کاتی چوونە دەرەوەی لە کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، شکۆ عومەر، بەرپرسی ئۆفیسی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا لە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقی پرسی: ئایا پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن؟ وەزیری دارایی عێراق لە وەڵامدا گوتی:" پێش پێنجشەممە، پشتیوان بەخودا سبەی دەینێرین. پشتیوان بە خودا، سبەی ".
رۆژی دووشەممە (5ی تشرینی یەکەمی 2026) تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتی مانگی ئاب 2026، رادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بە ئامانجی وردبینیکردن و خێراکردنی ناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.


