رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ دۆسیەی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقی، کۆی زیانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی ئەو هێڵە لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا دەگاتە نزیکەی 700 ملیار دینار، هاوکات بەهۆی کڕینی تکتی هێڵە بیانییەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لە کەرتی ئابووری و دراوی بیانیی عێراق دزەی کردووەتە دەرەوە. وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش دەڵێت، بڕیارەکە تەکنیکییە نەک سیاسی و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی مەرجەکان.
سزاکەی یەکێتیی ئەورووپا لە کانوونی یەکەمی 2015ـەوە سەپێندراوە و لە ماوەی ئەم 10 ساڵ و 10 مانگەدا، هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە نزیکەی شەش هەزار و 780 گەشتی راستەوخۆ بەرەو پایتەختەکانی ئەورووپا بێبەش بووە (بە پێوەری 12 گەشت لە هەفتەیەکدا).
وردەکاریی زیانەکان؛ لەدەستچوونی قازانج و بەفیڕۆدانی سەدان ملیار دینار
بەپێی ئەو داتا و شیكارییە ئابوورییانەی دەست رووداو کەوتوون، زیانەکانی ئەم گەمارۆیە بەسەر سێ تەوەردا دابەش دەبن:
- زیانی راستەوخۆ (تەنیا قازانجی لەدەستچووی گەشتەکان): لە نێوان 135 بۆ 200 ملیار دینارە، ئەمەش کەمترین خەمڵاندنی گەشتە راستەوخۆکانە لەسەر بنەمای قازانجی خاوی فرۆشتنی تکت کە دەبوو بچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.
- زیانی ناڕاستەوخۆ (تێچووی کرێی فڕۆکە و گرێبەستەکان): ئەم زیانە بە نزیکەی 400 بۆ 500 ملیار دیناری دەخەمڵێنرێت؛ ئەمەش بەهۆی تێچووی بەکرێگرتنی فڕۆکەی بیانی لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشتی ناڕاستەوخۆ بەرەو ئەورووپا، پارەی بەفیڕۆچووی شاند و لیژنە بێئاکامەکان، لەگەڵ بەکارنەهێنانی تەواوی کەشتیگەلی نوێی فڕۆکەکان (وەک بۆینگ و ئایرباس) لە گەشتە نێودەوڵەتییە پڕقازانجەکاندا.
- زیانی گشتیی ئابووری (چوونە دەرەوەی دراوی قورس): بە نزیکەی 3.5 بۆ 4 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت کە لە ماوەی ئەم 11 ساڵەدا لە گیرفانی هاووڵاتییان و رەوەندی عێراقییەوە چووەتە دەرەوە و دراوەتە کۆمپانیا بیانی و ناوچەییەکان بۆ کڕینی تکت.
زیانی تەنیا هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ نزیکەی 600 بۆ 700 ملیار دینارە، بەڵام زیانی کۆی کەرتی ئابووریی عێراق لەم 11 ساڵەدا لە چوار تریلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت و سزاکەش بەردەوامە.
وەزارەتی گواستنەوە: بڕیارەکە سیاسی نییە و کار بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکان دەکرێت
لە بەرامبەردا، حوسێن ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری بەردەوامیی قەدەخەکردنی گەشتەکانی روونکردەوە و رایگەیاند: "بڕیاری قەدەخەکردنەکە بڕیارێکی سیاسی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پێوەر و داواکاری بوون لەلایەن لایەنی ئەورووپییەوە کە دەبوو لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقی جێبەجێ بکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو مەرجانە بەدینەهاتبوون، بڕیاری قەدەخەکردنی چوونە نێو ئاسمانی ئەورووپا درا، لەوانەش بۆ نموونە جۆری هەندێک لەو فڕۆکانەی کە بۆ فڕین بەرەو ئەورووپا گونجاو نین."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە لەبارەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ هەڵگرتنی سزاکە گوتی: "ئێستا کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە دەکرێت. هەرچەندە ئێستا ناتوانین هیچ رێژەیەکی دیاریکراو بخەینەڕوو، بەڵام کارکردن بۆ بەدیهێنانی بەشی هەرە گەورەی ئەو مەرجانە بەردەوامە و ئەم دۆسیەیە لەپێشینەی کارەکانمانە و بایەخ و گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت."
سزای یازدە ساڵە
دۆسیەی قەدەخەکردنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە دیاریکراوی بۆ کانوونی یەکەمی ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە و ساڵانە نوێ دەبێتەوە، کاتێک ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی یەکێتیی ئەورووپا (EASA) بە فەرمی ناوی هێڵی ئاسمانیی نیشتمانیی عێراقی خستە نێو لیستی رەشی فڕۆکەوانی. هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکە بریتی بوو لە پابەندنەبوونی کۆمپانیاکە بە پێوەرەکانی سەلامەتیی نێودەوڵەتی، نەبوونی بڕوانامەی کارپێکەری وڵاتی سێیەم (TCO)، لەگەڵ بوونی کەموکوڕیی زۆر لە بەڵگەنامە و سیستمی چاککردنەوەی تەکنیکیی فڕۆکەکان و پێوەرەکانی چاودێریی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق.
هەرچەندە حکومەتەکانی یەک لەدوای یەکی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا بە ملیاران دۆلاریان بۆ کڕینی مۆدێرنترین فڕۆکەکانی جیهان تەرخان کرد (لەوانەش فڕۆکەکانی بۆینگ 787 دریملاینەر، بۆینگ 737 ماکس، و ئایرباس A220)، بەڵام لایەنی ئەورووپی جەختی لەوە دەکردەوە کە کێشەکە لە مۆدێلی فڕۆکەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە سیستمی کارگێڕی، شەفافیەت، چاودێریی ئەمنی و نەبوونی مەرجەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیو یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانیدایە.
بەهۆی ئەم سزایەشەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراقی نەیتوانیوە کێبڕکێ لە ناوچەکەدا بکات، لە کاتێکدا هێڵە بیانییەکانی وەک تورکیش ئێرلاینز، قەتەری، ئیماراتی و پێگاسوس دەستیان بەسەر تەواوی جووڵەی گەشتیارانی نێوان عێراق و ئەورووپادا گرتووە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار قازانج لە گواستنەوەی هاووڵاتییانی عێراقی و رەوەندی کورد و عێراقی لە ئەورووپا بەدەستدەهێنن.



