رووداو دیجیتاڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق دەڵێ، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەورووپا و عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 18 ملیار یۆرۆ؛ هۆشداریش دەدات لەوەی پشتبەستنی تەواوی عێراق بە نەوت و ناکرێ بەردەوام بێت. کلێمێنس سێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە بەغدا بە میدیای عێراقی راگەیاند، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و عێراق لە گەشەسەندندان و قەبارەی بازرگانی گەیشتووەتە نزیکەی 18 ملیار یۆرۆ، بەجۆرێک وڵاتانی ئەورووپا ساڵانە بایی نزیکەی 12 ملیار یۆرۆ وزە لە عێراق دەکڕن. سێمتنەر هۆشداری دا و گوتی: "ئەو پێشهات و ئاڵۆزییانەی پەیوەست بوون بە داخستنی تەنگەی هورمز ئەوەیان سەلماند کە پشتبەستنی لە رادەبەدەری عێراق بە نەوت ناتوانرێ بۆ ماوەی درێژ بەردەوام بێت، بۆیە یەکێتیی ئەورووپا کار بۆ ئەوە دەکات هاوکاریی عێراق بکات لە هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی لەڕێگەی وزەی نوێبووەوە، کەرتی کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیای زانیاری و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان." لە بواری ئەمنی و دۆخی ناوچەکەدا، سێمتنەر گوتی: "عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان زیانی گەورەی بەرکەوتووە، لە کاتێکدا هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە خاکی عێراقەوە هێرشیان دەکرێتەسەر؛" هەروەها پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کرد بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام دەڵێت، "ئاسایش و داهاتووی عێراق بەندە بە کۆکردنەوە و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، چاکسازی لە کەرتی گشتی و باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و سەروەریی یاسا." ئاشکرایشی کرد کە یەکێتیی ئەورووپا لەڕێگەی نێردەی راوێژکارییەوە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکات لە بەڕێوەبردنی سنوور، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و تووندڕەوی . سەبارەت بە پڕچەککردنیش روونی کردەوە: "یەکێتیی ئەورووپا وەک دامەزراوە چەک و کەرەستەی بەرگری ناداتە عێراق، بەڵکو دەوڵەتانی ئەندام لەسەر ئاستی دووقۆڵی یان لەڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ناتۆوە راوێژ و هاوکاریی سەربازی پێشکێش دەکەن."
ئابووری05-10-2026ئەندامێکی لیژنەی دارایی: لە پڕۆژەیاسای بودجە 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار جێگیرکراوە