رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتەوە 157 هەزار دینار.
ئەحمەد حاجی سابیر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە هەولێر، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهای دینار دیسان روو لە دابەزینە و 100 دۆلار بە 157 هەزار دینارە".
لە سلێمانی 100 دۆلار بە 156 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێ.
دوێنێ بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 155 هەزار و 300 دینار فرۆشرا. ئەمڕۆش لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 156 هەزار دینار بوو.
ئەحمەد حاجی سابیر دەڵێ: "هۆکاری دابەزینی بەهای دینار کشانەوەی ئەمریکایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە نازانرێ دوای ئەوە دۆخەکە چی بەسەر دێ".
بەگوێرەی رێککەوتنێکی پێشتر، بڕیارە تاوەکو 30ی ئەم مانگە، تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان و لە نێویاندا هێزەکانی ئەمریکا، لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە.



