رووداو دیجیتاڵ
بەئامانجی ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و راکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە، فێستیڤاڵی "گەشتوکاڵ" لەپارکی دەروازەی شاری رانیە دەستی پێکرد؛ ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەرهەمی ساڵانەی کشتوکاڵی 80 هەزار تۆن تێدەپەڕێنێت و لەفێستیڤاڵەکە دا 140 کەپر بۆ جووتیاران و خاوەنکاران تەرخان کراون.
لەکاتی پێشکەشکردنی بوڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو فێستیڤاڵەکەوە، خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین، رایگەیاند، دەڤەری راپەڕین خاوەنی 500 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵییە و ئەمساڵ تەنیا بەرهەمی دانەوێڵە گەیشتووەتە 62 هەزار تۆن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ گوتیشی: "نزیکەی 160 هەزار دۆنم زەوی بەگەنم چێندراوە و شەش هەزار و 700 جووتیار بەرهەمی دەهێنن؛ ئێستاش زیاتر لە 40 هەزار تۆن گەنمی کۆگاکراومان هەیە."
جگە لەگەنم، بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی رانیە، ساڵانە لەسنوورەکە 5500 تۆن بامیە، 5700 تۆن شووتی و کاڵەک، 2100 تۆن خەیار، 1900 تۆن ترێ، 1450 تۆن تەماتە، 1050 تۆن هەنار و زیاتر لە 1400 تۆن گوڵەبەڕۆژە، سەوزە، زەیتوون، برنج و کونجی بەرهەم دێت.
بۆچی "گەشتوکاڵ"؟
فێستیڤاڵەکە بیرۆکەیەکی هاوبەشی نێوان کەرتی گەشتوگوزار و کشتوکاڵە تاوەکو لەکاتی کڕینی بەرهەمی خۆماڵی دا، جوانی و شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکەش بەمیوانان بناسێندرێن.
دیاری دڵشاد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری راپەڕین بەرووداوی راگەیاند: "لەسنوورەکەمان زیاتر لە 120 ناوەندی گەشتیاری و 600 ناوچەی شوێنەواری هەن؛ پار زیاتر لە 124 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە و دەمانەوێت بەم فێستیڤاڵە ژمارەکە زۆر زیاتر بەرز بکەینەوە."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی سەرەکییان نەبوونی رێگاوبانی پێویستە بۆ شوێنە گەشتیارییەکان.
300 تۆن هەنگوینی سروشتی
ناوچە شاخاوییەکانی راپەڕین سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی هەنگوینن. حوسێن عەبدوڵڵا، هەنگەوان لەسنوورەکە، بەرووداوی گوت: "نزیکەی 450 هەنگەوان بەزیاتر لە 12 هەزار پوورەی هەنگەوە لەناوچەکە دا کار دەکەن؛ بەهۆی بەهاری تەڕ و باراناویی ئەمساڵەوە، بەرهەمی هەنگوین بەزیاتر لە 300 تۆن دەخەمڵێندرێت کە زۆربەی لەجۆری هەنگوینی کێوی و کوێستانە."
فێستیڤاڵی "گەشتوکاڵ" ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت؛ تێی دا ژنان بەجلوبەرگی رەنگاوڕەنگی کوردییەوە بەشدارن و شانبەشانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، خواردنی فۆلکلۆری و کاری دەستی پێشکەش بەسەردانکەران دەکەن.
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ژمارەی دانیشتووانەکەی بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2024، گەیشتووەتە 405 هەزار و 176 کەس (88.3٪ـیان شارنشین و 11.7٪ـیان گوندنشینن).


