رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 5 مانگ لە وەستانی گەشتەکانی بەهۆی دەرهاویشتەکانی شەڕی 40 رۆژە و زیانگەیشتن بە هێڵی نیشتنەوەی فڕۆکەکان، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سنە لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتووەوە دەستپێدەکەنەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی سنە، یەکەمین گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەکە دوای ئەو وەستانە، رۆژی پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026، بۆ تاران دەبێت.
پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی سنە رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە دوای بەدواداچوونی بەردەوامی بەرپرسانی پارێزگای سنە دێت بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، کە بڕیارە لەلایەن کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی "قیشم ئەیر"ەوە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی بەرنامەی راگەیێندراوی فڕۆکەخانەکە، گەشتی (تاران - سنە) کاژێر 07:00ی بەیانی لە تارانەوە و گەشتی گەڕانەوەش کاژێر 09:45ی بەیانی لە سنەوە بەرەو تاران دەکرێت.
پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی سنە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چوارچێوەی پلانی نوێدا، لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سنە بۆ دوورگەی کیش-یش دەستپێدەکەنەوە، کە هەفتانە دوو گەشت دەبن.



