رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، هەناردەی نەوت لەرێگەی دەروازەکانەوە بۆ 2.2 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە. ئاشکراشی دەکات کە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ ساڵێکی دیکە درێژکراوەتەوە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە(5ـی ئەیلوولی 2026) لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11ـی رووداو دا راگەیاند:" ئێستا رۆژانە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی بۆرییەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا رەوانە دەکرێت، کە 150 هەزار بەرمیلیان نەوتی هەرێمی کوردستانە و 30 هەزار بەرمیلەکەی دیکە نەوتی کەرکووکە".
سەلیم روکابی راشیگەیاند، کۆمپانیاکانی (BP)ـی بەریتانی و (ConocoPhillips)ـی ئەمریکی بە کارایی لە کەرکووک دەستیان بە کارەکانیان کردووە. سەبارەت بە پلانی داهاتووش گوتی، "عێراق دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2030 بەرهەمهێنان بگەیێنێتە 10 ملیۆن بەرمیل و بە هیچ شێوەیەکیش لە ئۆپێک ناکشێتەوە."
لەبارەی سووتەمەنیی نێوخۆ، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "رۆژانە 30 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنین، بەڵام پێویستمان بە 38 ملیۆن لیترە و کورتهێنانەکە بە هاوردە پڕدەکرێتەوە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتیی عێراق
رووداو: سەبارەت بەو رێککەوتنەی لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم کراوە، ماوەی دیاریکراوی ئەم رێککەوتنە چییە و تاوەکو کەی درێژکراوەتەوە؟
سەلیم روکابی: سەرەتا سڵاوی خواتان لێ بێت و سڵاو بۆ ئێوە و بینەرە بەڕێزەکانتان، زۆر سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. سەبارەت بە پرسیارەکەتان: ئەو رێککەوتنە سێ قۆڵییەی کە واژۆ کرا ماوەکەی یەک ساڵ بوو و لە مانگی تەممووزدا کۆتاییهات، دواتر بۆ ساڵێکی دیکەش نوێکرایەوە هاوتەریب لەگەڵ رێککەوتنی عێراق و تورکیا کە ئەویش بە شێوەیەکی کاتی بۆ ساڵێک درێژکراوەتەوە. لە کۆتایی ئەم رێککەوتنەدا، سەیری بابەتی درێژکردنەوە یان نوێکردنەوەی دەکەین.
رووداو: ئایا کۆمپانیای "بی پی" (BP)ی بەریتانی ئێستا بە کردەیی دەستی بە کارکردن لە کێڵگەکانی کەرکووک کردووە؟
سەلیم روکابی: بەڵێ، کۆمپانیای بی پی و هەروەها کۆمپانیای "کۆنۆکۆ فیلیپس"ی ئەمریکیش هاتە ناو کارەکەوە. ئێستا دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە، دەستیان کردووە بە دانانی کەمپە تایبەتەکانیان، هەروەها دەستیان کردووە بە پێکهێنانی لیژنەکان، پێکهێنانی (JMC) یان ئەوەی پێی دەگوترێت لیژنەی بەڕێوەبردنی هاوبەش لە نێوان لایەنی عێراقی و لایەنی بەریتانی، ئێستا لە قۆناخەکانی جێبەجێکردندان پشتیوان بە خودا.
رووداو: عێراق پلانی چۆنە بۆ پاراستنی هەناردەی نەوتی خۆی لە رێگەی دەروازە دەریاییەکانەوە لە ژێر هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز؟
سەلیم روکابی: بەڵێ، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، شێوازی فرۆشتن لە بەندەرەکان پەیڕەو دەکات، بڕ و بارە نەوتە خاوەکانی عێراق لە بەندەرەکاندا دەخرێنە روو، کۆمپانیا کڕیارەکان بەرپرسیار دەبن لە گواستنەوەی ئەم بارانە بۆ دەرەوەی تەنگەکە لە رێگەی رێڕەوی ئارامەوە. ئێستا وەزارەتی نەوت شێوازێکی دیکەی راگەیاندووە کە ئەویش گرێبەستکردنە لەگەڵ کۆمپانیای تانکەرە نەوتییەکانی عێراق بۆ بردنی بارەکان بۆ دەرەوەی تەنگەکە و فرۆشتنیان لەوێ، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە. هێشتا شێوازەکە فرۆشتنە لە بەندەرەکان و کۆمپانیا کڕیارەکان بەرپرسیارێتی گواستنەوەی دەگرنە ئەستۆ بۆ دەرەوەی تەنگەکە.
رووداو: ئێستا قەبارەی هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی دەروازە دەریاییەکانەوە چەندە؟
سەلیم روکابی: وەک تێکڕا، بە شێوەیەکی پلەبەندی لە زیادبووندایە، لە 200 هەزار بەرمیلەوە گۆڕا بۆ 2 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە مانگی ئاب دا. بەم تێکڕایە، کۆی گشتی هەناردەی مانگی ئاب گەیشتە 70 ملیۆن بەرمیل.
رووداو: چاوەڕوان دەکرێت کەی عێراق ڕێککەوتنی نەوتی خۆی لەگەڵ لایەنی تورکی بە شێوەیەکی فەرمی نوێ بکاتەوە؟ بڕی ئەو نەوتە خاوەی عێراق ئێستا لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردەی دەکات چەندە؟
سەلیم روکابی: ئەم بڕانە لە راستیدا جێگیر نین، هۆکارەکەش ئەوەیە بڕی نەوتی خاوی هەرێم ناجێگیرە و لە نێوان 50 بۆ 100 هەزار بەرمیلە و هەندێک جار دەگاتە 150هەزار بەرمیل. ئێستا لە دەوروبەری 180 هەزار بەرمیلدایە؛ 150 هەزار بەرمیل لە نەوتی خاوی هەرێم و 30 هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکووک، کەواتە بە گشتی نزیکەی 180 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
رووداو: جۆری ئەو مادانەی ئێستا لە رێگەی بەندەری تەرتووسی سووریاوە هەناردە دەکرێن چییە و بڕەکەی چەندە؟
سەلیم روکابی: وەک دەزانن و پێشتریش ئاماژەم پێدا، رێککەوتنەکە بۆ ماوەی ساڵێک نوێکراوەتەوە و رێککەوتنێکی کاتییە، مەبەست لێی دابینکردنی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراقە لە رێگەی خاکی تورکیاوە بۆ جەیهان. هاوکات لە رێگەی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو لایەنی عێراقی و تورکی و هەروەها هەرێمی کوردستانیش کە بەشێکە لەم کۆبوونەوانە، کار دەکرێت بۆ رێککەوتنێکی فراوانتر و گشتگیرتر کە رێککەوتنی وزە دەبێت نەک تەنیا گواستنەوەی نەوتی خاو. تائێستا لیژنەکان و کۆبوونەوە هاوبەشەکان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامن.
رووداو: ئایا پلانێکی ستراتیژیی راستەقینە هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بەندەری تەرتووسی سووریا لە داهاتوودا؟
سەلیم روکابی: ئێستا ئەوەی لە رێگەی سووریاوە هەناردە دەکرێت تەنیا بەرهەمی "زەیتی سووتەمەنی" یان ئەوەی پێی دەگوترێت "نەوتی رەش"ە، تێکڕای هەناردەکردن نزیکەی 30 هەزار مەتر سێجایە لە رۆژێکدا لە رێگەی کۆمپانیا کڕیارەکانەوە. شێوازی (سۆمۆ) فرۆشتنی بارەکانە لە کۆگەکانی باشوور و کۆمپانیا کڕیارەکان بەرپرسیارێتی گواستنەوەی لە رێگەی سووریاوە دەگرنە ئەستۆ.
پلانێکی کاتی و پلانێکی داهاتوو هەیە. پلانی کاتی بریتییە لە گرێبەستکردن یان نیەتی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی سووریاوە بە تانکەر و بە بڕی کەم. پلانی داهاتوو بریتییە لە راکێشانی بۆرییە نوێیەکە (بۆری بەسرە-حەدیسە، حەدیسە-بانیاس). حەدیسە-بانیاس توانای ئەوپەڕی یەک ملیۆن بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا. ئەم بۆرییە کاتی دەوێ بۆ دروستکردن، لە حاڵەتی تەواوبوونیدا ئینشائەڵڵا نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل یان کەمتر بەپێی بەردەستبوون بەرەو سووریا هەناردە دەکرێت.
رووداو: حکومەت سێشەممەی رابردوو پلانی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تا ساڵی 2030 راگەیاند؛ کەی هەنگاوە کردەیییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە دەست پێدەکەن؟
سەلیم روکابی: ئەوە پلانێکی داهاتووە تاوەکو ساڵی 2030، پلانەکە لە راستیدا لەو کێڵگانەوە دەستی پێکردووە کە لە رێگەی خولی پێنجەمی مۆڵەتەکان، خولی پێنجەم پڵەس و خولی شەشەمەوە دراون. هەندێک لەم کێڵگانە لە کێڵگەی گەڕان و پشکنینەوە گۆڕاون بۆ بەرهەمهێنان. کێڵگە هەن کە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کراوە، وەک کێڵگەی سیندباد و بەلەد لەگەڵ کۆمپانیای (شێفرۆن)، کێڵگەی ناسریەش هەر لەگەڵ کۆمپانیای شێفرۆن، کێڵگەکان لەگەڵ کۆمپانیای عومەر و کێڵگەکانی دیکەش وەک کێڵگەکانی کەرکووک. هەموو ئەم کێڵگانە پشتیوان بە خودا بڕێکی زۆر بەرهەم دەهێنن کە دەخرێتە سەر بەرهەمهێنانی ئێستا. ئەمە پلانێکی درێژخایەنە و دەکرێت کێڵگەی دیکەش بخرێتە ناو کارەکەوە تاوەکو لە داهاتوودا بگەینە ئەو ئاستە.
رووداو: ئایا جێبەجێکردنی پلانێکی بەم قەبارەیە (10 ملیۆن بەرمیل) بە واتای نیەتی عێراق دێت بۆ کشانەوە لە رێکخراوی ئۆپێک؟
سەلیم روکابی: نەخێر هەرگیز، عێراق یەکێکە لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی رێکخراوی ئۆپێک و ئەوەی دەگوترێت لەبارەی کشانەوەی عێراق لە ئۆپێک راست نییە. ئەوەی عێراق داوای کردووە و سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتیش روونیان کردووەتەوە و لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتیش بڵاوکراوەتەوە، ئەوەیە کە عێراق داوای دووبارە داڕشتنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی بۆ وڵاتانی ناو رێکخراوەکە کردووە، بۆ ئەوەی ماف بە عێراق بدرێت بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بەرز بکاتەوە بەراورد بەو شەڕانەی پێیدا تێپەڕیوە و بەراورد بە بڕی بەرهەمهێنانی بەردەست و یەدەگی نەوتی عێراق.
رووداو: ئێستا قەبارەی بەرهەمهێنانی بەنزین بۆ نێوخۆ چەندە؟ ئایا هێشتا کورتهێنان هەیە کە پێویستی بە هاوردەکردن بێت؟
سەلیم روکابی: لە راستیدا بڕی بەرهەمهێنان لە دەوروبەری 30 ملیۆن لیترە لە رۆژێکدا، بڕی بەکاربردن دەگۆڕێت و دەگاتە 33 ملیۆن لیتر. بەڵام لە کاتی قەیران و قەرەباڵخی سەر وێستگەکان، بەتایبەت لە دوو رۆژی رابردوودا، گەیشتە 38 ملیۆن لیتر. ئەم کورتهێنانە بە هاوردەکردنی بڕی پێویست لە دەرەوەی عێراق پڕ دەکرێتەوە. بە دەستبەکاربوونی پڕۆژەی (FCC) لە بەسرە لە ماوەی دوو یان سێ یان چوار مانگی داهاتوودا، بڕی 5 ملیۆن لیتر بەنزینی (موحەسەن) زیاد دەکات.
رووداو: بڕی بەرهەمهێنانی ئێستای گاز لە عێراق چەندە؟
سەلیم روکابی: گازی سروشتی ئێستا لە دەوروبەری هەزار و 750 ملیۆن پێی سێجایە، بێگومان ئەوەی لێی سوودمەند دەبین وەک گازی وشک لە دەوروبەری 1 ملیۆن و 200 پێی سێجایە، جگە لە گازی (LPG) کە لە دەوروبەری 6 هەزار تۆنە لە رۆژێکدا.


