رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق دوای زیاتر لە دوو مانگ کارکردن، دوو پێشنیازی بۆ دابینکردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاند؛ یەکەمیان رادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لە بەرامبەر سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو، دووەمیش زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە بەپێی ژمارەی دانیشتووان.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە کارکردن، لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق کە بۆ پرسی دابینکردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان پێکهێنرابوو، دوو پێشنیازی راگەیاند.
پێشنیازی یەکەمی لیژنەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و لە بەرامبەردا سووتەمەنیی پاڵپشتیکراوی پێبدرێت. پێشنیازی دووەمیش ئەوەیە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنی بەپێی ژمارەی دانیشتووان زیاد بکرێت.
عامڕ عەبدولجەبار، سەرۆکی لیژنەکە، بە رووداوی رایگەیاند، "بینیمان ستەمێک هەیە کە تەنیا بۆ پارێزگاکانی هەرێم نییە، لەوێ نرخی بەنزین بە 2000 بۆ 3000 دینارە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر پارێزگاکانی موسڵ، سەڵاحەدین و کەرکوک هەبووە بەهۆی قاچاخچێتییەوە. هەروەها کاریگەریی لەسەر هەموو ئەو پارێزگایانە کردووە کە هاووڵاتییانیان سەردانی هەرێم دەکەن و بەنزین بە نرخی گران دەکڕن. بۆیە بابەتەکە پەیوەندیی بە هەموو هاووڵاتییەکی عێراقەوە هەیە لە فاوەوە تا زاخۆ."
راپۆرتی لیژنەکە دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند بکات بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هاونیشتمانیان.
لەلایەکی دیکەوە، عومەر پێنجوێنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "لە زووترین کاتدا هەردوو وەزارەتەکە کۆدەبنەوە بەوپێیەی بەڵێنیان پێدراوە. ئێمە هیوایەکی زۆرمان هەیە کە ئەمە موژدەیەکی خۆش بێت بۆ خەڵکی کوردستان و ئەم کێشەیەش چارەسەر ببێت، بەشێوەیەک کە لە عێراق چۆن نەوت و بەنزین و گاز دەدرێت بە هاووڵاتی، لە هەرێمی کوردستانیش وابێت."
هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان بەنزین بە نرخێک دەکڕن کە نزیکەی سێ هێندەی نرخەکەیەتی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق. ئێستا چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جیاوازییە و دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان.



