رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، شێوازى بودجەى بەرنامە و ئەنجام کە بۆ یەکەم جار لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، گەندەڵى ناهێڵێت و وەزارەتەکەى ناچار دەکات پەنا بۆ خۆکارکردن ببات.
ئەو گوتانەى فالح سارى لە کۆبوونەوەیەکدابوو لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانى داڕشتنى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی 2027 و هەندێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق.
وەزیرى دارایی عێراق گوتى، "ئەوەی لە بودجەی ئەم ساڵدا نوێیە، ئەوەیە کە ئێمە جدین لە هەنگاونان لە بودجەی بڕگەوە بۆ بودجەی بەرنامە و ئەنجام. ئەمە هەنگاوێکە کە وەزارەت بڕیاری لێداوە و ناکرێت بە هیچ شێوەیەک لێی پاشگەز ببینەوە. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان و سەرەڕای هەموو ئەوانەی ئێستا روودەدەن، ئێمە وەک وەزارەت بە راستی دەڵێم کە جدین لەو گۆڕانکارییە."
ئەوە یەکەم جارە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پەنا بۆ بودجەی بەرنامە و ئەنجام ببات، پێشتر لەسەر شێوازی بودجەی بڕگە کاری دەکرد، شێوازە نوێیەکەى بودجە، خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە نەک وەزارەتەکان، هەر سێکتەرێک خەرجیی بۆ تەرخان دەکرێت و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێت، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت.
تەواوی وردەکاریی شێوازە نوێیەکەی بودجە
فالح سارى گوتى، "بودجەی بەرنامە و ئەنجام واتە گواستنەوەی وڵات بۆ ئاستێکی ئابووریی نوێ، بەوپێیەش وەزارەت ناچارە بەرەو خۆکارکردن بڕوات. خۆکارکردن بە واتای نەمانى گەندەڵی و گەیشتنە بە وڵاتانی پێشکەوتوو. خۆکارکردن بەمانای کەمکردنەوەی دەستوەردانی مرۆڤە لە هەموو چالاکییەکدا. ئێمە جدین لە هەنگاونان بەرەو بودجەی بەرنامە و ئەنجام".
بڕیارە وەک قۆناخى یەکەم و بەشێوەیەکی ئەزموونی، بودجەی بەرنامە و ئەنجام لە هەردوو پارێزگای دیوانییە و سەڵاحەدین، هەروەها وەزارەتی کارەبا و دارایی جێبەجێ بکرێت.

