رووداو دیجتاڵ
ژمارەیەک وەبەرهێنەری کورد لە پارێزگای سەڵاحەددین دووچاری راوەدوونان و زیانی گەورەی دارایی بوونەتەوە؛ پرۆژەکانیان دەستیانبەسەردا دەگیرێت و بەناوی کەس و خزمی بەرپرسانی ناوچەکەوە تۆمار دەکرێن.
عوسمان کەریم، وەبەرهێنەرێکی خەڵکی شارەزوورە و بەنیازی دروستکردنی پرۆژەی پێشانگە و ناوچەی پیشەسازی بوو لە تکریت بە گوژمەی 14 ملیار دینار، بەڵام پرۆژەکەی دەستیبەسەردا گیرا و بەناوی برازایەکی پارێزگاری پێشووی سەڵاحەددینەوە تۆمار کرا.
عوسمان کەریم، وەبەرهێنەر لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی پرۆژەکەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "مامەڵەی وەرگرتنی مۆڵەتمان کرد تاوەکو پێشانگەکە دروست بکەین، بەڵام لەلایەن بەدر فەحل، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەددین و برازاکانی دەست بەسەر پرۆژەکەمدا گیرا و بە پێنج ملیۆن دۆلار فرۆشتیان و کردیانە یەکەی نیشتەجێبوون."
بەدر فەحل، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەددین کە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگەوە داواکراوە، پرۆژەی وەبەرهێنەرێکی دیکەی کوردی بە هەمان شێواز بەناوی برازایەکەیەوە کردووە و دواتر فرۆشتوویەتی.
بەکر ساڵح، وەبەرهێنەرێک لەبارەی زیانەکانییەوە بە رووداوی گوت: "بەدر فەحل ئێمەی ماڵوێران و سەرگەردان کرد و تووشی قەرزاریی کردین. ئێمە هاتین پرۆژەیەک بکەین کە خێر و سوودی بۆ خۆمان و شارەکە هەبێت، بەڵام ئەو دەستی نا بە قوڕگماندا و هەموو شتەکانی بردمان و بەناحەق کردی بەناوی برازا و خزم و کەسەکانی خۆییەوە."
دەستبەسەرداگرتنی پرۆژەکان لە کاتێکدایە کە دوو ساڵ و نیوە ئەو وەبەرهێنەرە کوردانە دەرگای دامودەزگە حکومییەکانی سەڵاحەددین دەکوتن، بەڵام مافەکانیان بۆ نەگەڕێندراوەتەوە.
لەبارەی ئاگاداربوون لەم کێشانە، ئەمیر عەزیز، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک (بە وەکالەت/بەرپرس لە دۆسیەکە) بە رووداوی راگەیاند: "ئەم بابەتە لە سەردەمی مندا رووی نەداوە و ئەگەر پێش من بووبێت ئاگادار نیم؛ بەڵام ئێمە توانیومانە کۆمەڵێک کێشەی وەبەرهێنەران لە پارێزگای سەڵاحەددین و چەندین پرۆژەی تەواونەکراو چارەسەر بکەین."
لە کاتێکدا کێشەی ئەم وەبەرهێنەرانە چارەسەر نەکراوە، چارەنووسی سەرمایەدارانی دیکەش لە مەترسیدایە؛ بەجۆرێک چوار وەبەرهێنەری دیکەی کورد لە تکریت کە پرۆژەی گەورەیان هەیە، ناچار بڕیاری 50%ی پشکی پرۆژەکانیان داوەتە بەرپرسان تاوەکو سەرمایە و پرۆژەکانیان لە دەستبەسەرداگرتن بپارێزن.
